شەپۆلێکی باران بارین سەرلەنوێ هەرێم دەگرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم رایگەیاند "هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی "بارانبارینی ئەمساڵ جیاوازبوو لەگەڵ ساڵانی دیکە بە هۆی ئەوەی ئەمساڵ باران بارین دواکەوت و ئەمەش دلەڕاوکیی لە لایەن جووتیاران دروستکرد کە ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی وشکەساڵی، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمەش وایکرد ئەگەرەکانی وشکەساڵی کەمتربێتەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە لە ئێستادا رێژەی باران بارین نزیک بووەتەوە لەو بڕەی کە ساڵی رابردوو باریووە".

سەبارەت بە رێژەی باران بارین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم وتی: "رێژەی باران بارین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە دوو رۆژدا بەم شێوەیە بووە کە لە پارێزگای هەولێر، شەوی رابردوو، بڕی ١٢ ملـلیمەتر باران باریووە کە کۆی گشتی ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بووەتە ١١٤ ملـلیمەتر ئەمە لە کاتێکدا کە ساڵی پار ١٧٩ ملـلیمەتر باران باریبوو، کەواتا جیاوازییەکی زۆر نییە بە بەراورد بە ساڵی پار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی، شەوی رابردوو، ٦٤،٦ ملـلیمەتر باران باریووە کە کۆی گشتی ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بووەتە ٢٧٤،٩ ملـلیمەتر، ساڵی رابردوو بڕی ٢٩٠ ملـلیمەتر باران باریبوو. لە پارێزگای دهۆکیش شەوی رابردوو بڕی ١٧،٥ملـلیمەتر باران باریووە کە کۆی گشتی ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بووەتە ١٥٥ ملـلیمەتر و ساڵی رابردووش بڕی ٢٠٨ ملـلیمەتر باران باریبوو. لە پارێزگای کەرکووکیش شەوی رابردوو بڕی ٤،٢ ملـلیمەتر باران باریوە کە کۆی گشتی ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بووەتە ٥٦ ملـلیمەتر و ساڵی رابردووش بڕی ١٢٨ ملـلیمەتر باران لەم ناوچەیە باریوە، هەروەها لە پاریزگای هەڵەبجەش شەوی رابردوو بڕی ٥ ملـلیمەتر باران باریووە کە کۆی گشتی ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بووەتە ١٣٧ ملیمەتر و ساڵی رابردووش بڕی ٢٢١ ملیمەتر باران باریبوو".

سەبارەت بە بەرەوامی بارانبارینیش، فازڵ ئیبراهیم وتی: "بە گوێرەی ئەو نەخشانەی لەبەردەستدایە، تا درەنگانی ئەمشەو باران بارین بەردەوام دەبێت و زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە چڕ دەبێتەوە و بارانی بە خوڕ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەم شەپۆلە بەرەبەیانی چوارشەممە کۆتایی پێدێت".
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیشکرد کە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شەپۆلێکی باران بارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و وتی: "قۆناغی دووەمی ئەم شەپۆلە لە دوای نیوەرۆی رۆژی هەینی کاردەکاتەوە سەر ناوچەکانی هەرێم و پێشبینی دەکرێت تا دووشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت و رێژەیەکی زۆر باران لەگەڵ خۆیدا بهێنێت".



PM:06:09:13/02/2018