کەناڵێکی کوردی داخرا

کەناڵی ناوخۆیی جەماوەر کە زمانحاڵی فەرمی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی داخرا.

عەبدوڵا حاجی مەحموود، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتاری کوردستان، لە فراکسیۆنی حزبی سیۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند "کەناڵی جەماوەر، ساڵانێکی زۆرە خزمەتێکی بەرچاوی بە میدیای کوردی و ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی قەیرانی دارایی و نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئەمڕۆ سێشەممە 13ی شوبات کەناڵەکە داخرا".

ئەو پەرلەمانتارەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە روو کە ھەندێک کەس پێی وایە کەناڵی (جەماوەر) پارەیەکی زۆری بۆ خەرج کراوە، بەڵام "ھەمووی پروپاگەندە بووە، چونکە پێشتر کەناڵی جەماوەری بەم شێوەیەی ئێستای کێشەی قەیرانی دارایی نەبووە، بەڵام لەو کاتەوەی کە بودجەی حزبە سیاسییەکان بڕاوە، کەناڵەکەمان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئابووری بووەتەوە، بۆیە بەناچاری ئەمڕۆ کەناڵەکەیان داخستووە".

ئاشکراشی کرد کە کەناڵی تەلەڤزیۆنی، بە بڕە پارەیەکی زۆر بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوان ئەو پارەیەیان نییە، وتیشی "ھەرچەندە بەرەو ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ھەنگاو دەنێن، بێگومان ھەموو حزبەکان پێویستییان بە بانگەشەی ھەڵبژاردنە ئەویش لە ڕێگەی کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە دەتوانی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ حزبەکەت بکەیت، بەڵام ئێمە کە تەلەڤزیۆنەکەمان داخستووە، دەمانەوێ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین".

کەناڵی (جەماوەر)، زمانحاڵی فەرمیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە، ماوەی چەند ساڵێکە لە تەلەڤزیۆنی کراوەتەوە کەناڵی ئاسمانی، نووسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانی بوو.



PM:09:20:13/02/2018