ئەمریکا داوایەک ئاڕاستەی تورکیا دەکات

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانی سەردانەکەی بۆ ئەنکەرە داوای لە تورکیا کرد، هەوڵەکانی چڕبکاتەوە لە دژایەتیکردنی داعش لە سوریا.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، جەیمس ماتیس لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نورەدین جانکلی هاوتا تورکییەکەی، داوای کردووە ئەنکەرە هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بە ئاراستەی دژایەتیکردنی داعش لە سوریا، وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی تورکیا لە عەفرین.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ماتیس داوایکردووە هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش بێت و ڕێگە نەدرێت بە هەوڵەکانی سەرهەڵدانەوەی لە سوریا.

هەردوو وەزیر ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامی چالاکییە هاوبەشەکانی بواری بەرگری و چۆنێتی بەهێزکردنیشی.

ئەو سەردانەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ تورکیا لە کاتێکدایە، پێشتر کاتێک تورکیا ڕایگەیاندبوو پێشڕەوی بە هێزەکانی دەکات بە ئاراستەی شاری منبجی سوریا، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئەمریکاوە کۆنترۆڵکراوە، واشنتۆن هۆشداری دایە تورکیا کە ڕووبەڕووی سوپاکەی دەبێتەوە گەر بیەوێت پێشڕەوی بکات بۆ منبج.

هەر ئەمڕۆش ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئەنکەرەی کرد و ، ڕایگەیاند:  هیچ چەکێکی قورسمان نەداوەتە یەپەگە.



PM:04:20:15/02/2018