یوسف محەمەد: دەستبەسەرکردنی سالح موسلیم شەرمەزارییەکی گەورەیە

سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان د. یوسف محەمەد لەسەر ساڵح موسلیم هاتە دەنگ و دەڵێت " دەستبەسەرکردنی شەرمەزاریە".
لە پەیامێکدا کە کۆپییەکی بۆ سپی نێردراوە " دەست بەسەرکردنی بەڕێز ساڵح موسلم شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

لە درێژەی ئەو پەیامەدا وتی " لە بری پاداشت کردنی گەلەکەمان لە ڕوبەڕوبونەوەی پاڵەوانانەی گروپی تیرۆریستیی داعش، چ لە باشور و چ لە ڕۆژاوای کوردستان لە بری هەمو جیهانی ئازاد، کەچی ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر پەلامارە یەک لەدوای یەکەکان بۆ سەر خاک و خەڵک و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، بێدەبگیی هەڵدەبژێرێت".

یوسف محەمەد دەڵێت "گەلی کورد لە ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەم جوامێرە (بەڕێز ساڵح موسلیم) تا بە ئەمڕۆش لە جەنگدایە دژ بە گروپە تیرۆریستیەکان و دەوڵەت و دەسەڵاتە پشتیوانەکانیشیان، بە تایبەت لە عەفرینی کوانوی بەرخودان و بەرگری. کەچی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گوماناوی لە پراگی پایتەختی چیک، بەڕێز موسلیم دەست بەسەر کراوە."

یسف محەمەد دەڵێت " وێڕای ئیدانە کردنی ئەم کارە ناپەسەندە، داوا وڵاتی چیک دەکەین کە بە زوترین کات ساڵح موسلیم ئازاد بکەن. هەروەها داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دۆستی گەلەکەمان لە یەکێتیی ئەورپا و، ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەین، کە فشار بکەن لەم پێناوەدا. ئاوا پاداشتی گەلێک نادرێتەوە کە کە بە هەزاران قوربانیی دا و بەردەوامیشە لە پێناو شکست پێهێنانی دوژمنانی مرۆڤایەتیی و ئازادی لە جیهاندا".

 



PM:09:34:25/02/2018