زانیاریەک لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باس لە رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دەکات و چەند زانیاریەک دەخاتەڕوو.

ئەحمەد حاجی رەشید لە روونکردنەوەیەکیدا دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە بەرێوەچووە، بەشی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بە ٦ ترلیۆن و٥۹۷ ملیار دینار دیارکراوە، جگە لە پشکی پێشمەرگە کە ٤٤٤ ملیار دینار دەبێت، هەروەها بودجەی سێ سەرۆکایەتییەکە، کە زیاترە لە یەک ترلیۆن دینار.

هەر بەوتەی ئەحمەد حاجی رەشید، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە زیادکردنی یەک ترلیۆن و نزیکەی سەد ملیاری دیکەی بودجەی فیدڕاڵی بۆ هەرێم کراوە، لەگەڵ دروستکردنی هۆڵێکی گەورە بۆ زانکۆی هەڵەبجە، بە گوژمەی ٣ ملیار دینار.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە کۆبوونەوەی پێشتری لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، کە نوێنەرایەتی فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری کردووە، لەسەر ئەوە رێکەوتبوون، بڕی نۆ ترلیۆن دینار تەرخان بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان کە نزیکە لە مەرجی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی، لەگەڵ ٤٤٤ ملیار دینار بۆ پشکی پێشمەرگە و بودجەی سێ سەرۆکایەتییەکەش زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمشەو کۆبوونەوە لە ماڵی سەرۆک کۆمار دەکرێت، بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیاری کۆتایی لەلایەن هێزە سیاسیی کوردییەکانەوە.



PM:04:21:02/03/2018