حکومەتی هەرێم بەرنامەیەکی کەناڵێکی ئیسلامی راگرت

بەرنامەی بەخشینی کەناڵی ئاسمانیی پەیام لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە ڕاگیرا و ئەوەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بڕیاری نوێیە کە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و ئەوقاف و ناوخۆ. 

ئەو بڕیارە لە میانەی ئەو بڕیارانەدایە کە تایبەتن بە سنووردارکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە داواکردنی پارە و کۆمەکی بە مەبەستی خێرخوازی و پەخشکردنی وتاری هەینی.

ڕێبوار میرانی، پێشکەشکاری بەرنامەی بەخشین لە کەناڵی ئاسمانی پەیام لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی بەرنامەی کۆتایی بەخشینییان لە کەناڵی ئاسمانی پەیام پەخش کردووە، وەزارەتی ڕۆشنبیری ئگادری کردوونەتەوە کە دەبێت ئەو بەرنامەیە بوەستێنن. ئەوان لە گفتووگۆدان لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لە وەڵامدا پێیان ڕاگەیەنراوە کە مەبەست لەو بڕیارە هەموو بەرنامەیەک نییە، بەڵکو تەنها ئەوانەیە کە بە ناوی خێرخوازییەوە خەریکی پارە کۆکردنەوەن.

لە پێشدا، مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بە ناوی خێرخوازییەوە دۆخەکەیان قۆستووەتەوە.




AM:10:20:08/03/2018