سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری پەیامێكی بڵاوكردەوەو و دەڵێت "خەڵكی ئێمە ماندووەو بەدەست حوكمڕانییەكی شكستخواردووی گەندەڵەوە دەناڵێنێت".

لە پەیامێكدا د. رێبوار كەریم، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری ڕایگەیاند "هیوادارین بانگەشەی هەڵبژاردن كەرنەڤالێكی جەماوەری بێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵك، بۆ چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، نەوەكو بانگەشەیەك بێت بۆ سەر ئێشە یان دروستكردنی نا ئومێدی زیاتر، خەڵكی ئێمە ماندووەو بەدەست حوكمڕانییەكی شكستخواردووی گەندەڵەوە دەناڵێنێت".

سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری ئاماژەی بەوەشكردووە، "نابێت لەوە زیاتر خەڵك ماندوو بكەین، بەڵكو دەبێت ئومێدێكی گەورەی پێبدەینەوە، داواكارم لە هەمووان دەست لەناو دەست بۆ بەڕێوەبردنی بانگەشەیەكی هەڵبژاردنی دۆستانەو نەرم و مەدەنیانە بۆ خزمەتی خەڵك بەڕێوە بڕوات".

كاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێم دەستیپێكرد.




AM:11:44:15/04/2018