پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی ئابڕوچونێکی کۆمسیۆن ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رەخنەی توند ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات بەهۆی ئەوەی لەکاتی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانەکەی جگە لە هەڵەی زانیاری، لەبری وێنەی خۆی وێنەی ئافرەتێكیان لەسەر كارتەكەی دانەوە، بۆ ئەوەش بە نیازە لە دادگا سكاڵا لەسەر کۆمسیۆن تۆمار بکات.

سەروەر عبدالرحمن، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆکی رێکخراوی پەی  کە رێکخراوێکی مەدەنییەو چاودێری رەوشی دیموکراسییەت و ماڤی مرۆڤ دەکات، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی نوسیویەتی،"دەمێكە وتومانە ئەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بێسەروبەرە، هەڵبژاردن و چارەنوسی نەخشەی سیاسی ولاتێكی بەدەستەوەیە، بەلام ئیش و كارەكانی پڕە لە هەڵەو كەموكوڕی، لێرەدا قسە لەسەر ساختەكارییەكان و گەندەڵیەكانی تری و دەسكاری دەنگەكانی كاندیدەكان ناكەم كە بابەتێكی ترە".

دەشڵێت، "ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە وەك هەر هاولاتیەكی تر بەدەم بانگەوازی كۆمسیۆنەوە چووم بۆ دەركردنی كارتی بایۆمەتری، لە رۆژی (28/12/2016) چوم پەنجە مۆرم كرد و بەلگە كانم پێدان، لە بری ئەوەی كارتەكەم بێتەوە لە رۆژی (14/6/2017) پێیان راگەیاندم سەردانیان بكەمەوەو گوایە ناوەكەم هەڵەیە، دووبارە رێكارەكانم ئەنجامدایەوە، دوای ساڵێك چاوەڕوانی و دواكەوتنی كارتەكەم ئەمڕۆ (18/4/2018) بەمەبەستی وەرگرتنەوەی كارتەكەم سەردانی كۆمسیۆنم كردەوە، بەڵام كاتێ‌ كارتەكەیان دۆزیمەوە سەیر بوو، نە ناوەكەم چاك كرابوویەوەو نە تەمەنەكە هی من بوو و نە ژمارەی كۆبۆنەكە و لەوەش سەیرتر لە بری وێنەی خۆم وێنەی ئافرەتێكیان لەسەر كارتەكە دانابوو!".

لە درێژەی نوسینەکەیدا سەروەر عەبدولرەحمان دەڵێت، "كاتێك پرسیارم لە فەرمانبەری كۆمسیۆن كرد چارەم چیە؟ بەڕێزیان وتیان دەبێ ئەم كارتە سێ بارە بنێرینەوە بەغدا بۆ ئەوەی بیگۆڕن و تازە فریای ئەو هەڵبژاردنە ناكەوێت، وتم ئەی بۆ دەنگدان چی بكەم؟ خۆ من كارتە كۆنەكەشم لەلایەن كۆمسیۆنە، وتی بەداخەوە تۆ لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانت نییە".

هەروەها دەشپرسێت، "من لەو بێسەروبەرەییە تێناگەم، كێ مافی من دەگێڕێتەوە؟".

سەروەر عەبدول رەحمان نوکتەیەک بۆ ئەو بارودۆخەی دەگێڕێتەوە کە تێی کەوتووەو دەڵێت، "ئەو نوكتەیەم هاتەوە یاد:"جارێكیان سەربازێك دەچێ‌ بۆ حەمام، خۆی روت دەكاتەوەو جلوبەرگ و كەلوپەلەكانی لە ژوری خۆگۆڕین دادەنێ‌، دەچێ‌ بۆ ژوری گەرماو خۆی بشوا، دوای خۆشتن دێتە ژووری خۆگۆڕین، ئەڕوانێ‌ جل و بەرگ و كەلوپەلەكانی نەماوە، بەتەنیا نیتاقەكەی پشتی و پۆستاڵەكانی ماون، ئەویش پۆستاڵەكانی لەپێ دەكاو نیتاقەكەشی دەبەستێ‌ و دەچێتە بەردەمی كابرای حەمامچی و بەو جۆرە رادەوەستێ‌ و دەڵێ‌: "قوربان من ناڵێم شتەكانیان دزیوم، بەڵام توشەرەفت كە من هاتم ئاوا بووم؟".

لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی یەکێتی روی دەمی دەکاتە کۆمسیۆن و دەڵێت،" سەیری ئەم كارتەم بكەن، من ناڵێم ئێوە هەڵەن، بەڵام تو شەرەفتان كاتێك هاتمە لاتان ئاوا بووم!؟، بۆیە ناچارم لە دادگا سكالاتان لە سەر تۆمار بكەم، لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ ئەو خوشكە ئازیزەی وێنەكەی بەسەر كارتەكەمەوە دانراوە، خوا دەزانێ‌ وێنەی كێ بەسەر كارتی ئەو و وێنەی منیش بەسەر كارتی كێ وە دانراوە.




PM:02:30:18/04/2018