دەمیرتاش کاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا پەسەند کرد

سەلاحەدین دەمیرتاش، لەسەر کاندیدکردنی لەلایەن هەدەپەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، پەسەند کردو پەیامێکیشی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە.
 
ئەمڕۆ ٤ ئایار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، بەفەرمیی کاندیکردنی سەلاحەدین دەمریتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕاگەیاند.
 
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا، پەیامی سەلاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەبارە کاندیدکردنییەوە خوێندرایەوە.
 
لە پەیامەکەیدا، دەمیرتاش ئامادەیی خۆ بۆ هەر ئەرکێک کە بکەوێتە سەرشانی دەربڕی و ئەوەشی وتووە " من دەمبە شایەنی ئەو متمانەیەی ئێوە، بۆ ئەوەش چیم لەدەستبێت بەزیادەوە ئەنجامی دەدە، بەڵام ئێوەش باش دەزانن کە لێرە لەبەر هەلومەرجی تووندی زیندان، دەرفەتێکی زۆر بۆ کارکردن نییە، ئێستا دەست و دەنگ و هەناسەی من ئێوەن، گەجانن، ژنانن".
 
دەمیرتاش، ئاماژەی بەوەشکردووە ' دیارە کە دیسان بانگەشەیەکی بێ دادپەروەریی بەڕێوبچێت، بەڵام ئێمە دەستی لێبەرنادەین و هەنگاو بۆ دواوە نانێین، بێ ئەوەی شەو ڕۆژ لەبەرچاو بگرن، ماڵ بەماڵ، کۆڵان بەکۆڵان و گوند بەگوند بگەڕێن، ژیانی ئازادی و خۆشترین ژیان بەهەموو کەسێک بڵێن و بۆیان باسکەن، باسی ئەوە بکەن کە ژیانی ئاشتیی و برایەتیی چەند خۆشە".
 
سەلاحەدین دەمیرتاش، بەپێویستیشی زانییەوە، کە لە قۆناغی هەڵبژاردنەدا هەموو کەسێک بەشێوەیەکی چالاک کاربکات، وتوویشییەتی " منیش لێرەوە بەهەموو دەرفەتێکمەوە هاوکارتان دەبم، ئێوە ببینن باشترین شت کە لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا دەرکەوێت ئێمەبین، بەوانەش بڵێن کە دەڵێن "لە خوولی دووەمدا پشتگیریی کێ دەکەن"، بە متمانەیەکی زۆرەوە بڵێن کە پشتگیریی دەمیرتاش دەکەین.
 
کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ڕاشیگەیاندووە " بە جۆش و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خۆتان بۆ سەرکەوتنی ٢٤ی حوزەیران ئامادەبکەن، ئێمە تورکیا زیاتر پێشدەخەین، بۆ بەرقەرارکردنی ژیانێکی ئارام و ئاشتییانە، بە متمانەیەکی بەهێزەوە بەرەو دەسەڵات دەچین، ئێمە باوەڕمان بەخۆمان کادرەکانی خۆمان هەیە، ئێمە لەگەڵ گەلدا دیموکراسییەکی گەورە دادەمەزرێنین، داوادەکەین کە هەموو کەسێک باوەڕ بەوە بکات".
 
بڕیاری ١٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڕێوەبچێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 10ی نیسانی 1973 لەشارۆچكەی پالۆی سەر بەشاری ئەلازیخ لەباكوری كوردستان لەدایكبووە‌و شەش خوشك‌و برای هەیە‌و لەساڵی 2002 لەگەڵ باشاك كە هاوڕێی منداڵی خۆیەتی هاوسەرگیری كردوە‌و دو كچیان بەناوەكانی دەلال‌و دلدا هەیە.
 
لەساڵی 2012 پارتی دیموكراتی گەلان -هەدەپە- دامەزرێنرا‌و دەمیرتاش بو بەهاوسەرۆكی هەدەپەو لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی توركیای 2015دا خۆی لەسەر لیستی هەدەپەو لەشاری ئیستانبولەوە بۆ پەرلەمانی توركیا كاندیدكرد‌و بوە ئەندامی پەرلەمانی‌ توركیا.
 
دەمیرتاش لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لەساڵی 2014دا خۆی کاندیدکردو توانی 10%ی دەنگەکان بهێنێت.



PM:09:13:04/05/2018