ئەمریكا كاروانێكی نوێی سەربازی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەنێرێت

ئاژانسی سپوتنیكی ڕووسی بڵاویكردەوە ئەمریكا بنكەی سەربازی نوێی لە كانتۆنی حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و پارێزگای دێرزووری باكوری سوریا دروستكردووە و كاروانێكی نوێی سەربازیشی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە.

ئاژانسەكە بە پشت بەستن بە كەناڵێكی عەرەبی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریكا كاروانێكی نوێی سەربازی بۆ بنكەیەكی یەپەگە ناردووە لە ناوچەی تەل بەیدەر كە دەكەوێتە نێوان قامیشلۆ و تەل تەمەرەوە لە باكوری ڕۆژهەلاتی حەسەكە.

سەرەتای ئەم هەفتەیەش هێزەكانی سوریای دیموكرات بە ئاژانسی سپوتنیكی ڕاگەیاند، ٥٠ سەربازی فەڕەنسی لە مەنبج بڵاوكراونەتەوە، هاوكات بنكەیەكی سەربازی فەڕەنسی لە باكوری مەنبج بنیاد دەنرێت.

ئەمانەش لە كاتێكدان لە ماوەی ڕابردوودا ترەمپ ڕایگەیاند لە سوریا دەكشێتەوە و بەڵام دواتر بڕیارەكەی گۆڕی و ڕایگەیاند تا لەناوبردنی داعش لەو وڵاتە دەمێنێتەوە.



AM:09:18:06/05/2018