دەستەی دەستپاکی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە حکومییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاوکردەوە و دەڵێ، بەدواداچوون و لێپرسینەوە دەکات.

لە ڕوونکردنەوەی دەستەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ ئێن ئاڕ تی نێردراوە، هاتووە "لە بانگەشەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن، چەندین پێشێلکاری کراوە، هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بەکاردەهێنرێن و لەکاتی دەوامی فەرمیدا بانگەشە دەکرێت".

جەختی لەوەش کردووەتەوە، دەستەی دەسپاکی لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ئەو بەرپرسە حکومیانە دەکات، کە فەرمانگەکانیان ئەو پێشێلکاریانەیان کردووە، بەردەوامیش دەبن تا ئەو دیاردەیە بنەبڕدەکەن.

هەروەها داوای لە فەرمانبەران کردووە، لەکاتی بانگەشەدا خۆیان لەو جۆرە پێشێلکاریانە بەدووربگرن.

دەستەی دەسپاکی ژمارە مۆبایلێکی بۆ هاووڵاتییان داناوە، تا لەو ڕێیەوە هەر پێشێلکاری و بانگەشەیەکیان لە دامەزراوە حکومییەکان یان بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و فەرمانبەران بینی، ئاگاداریان بکەنەوە.



PM:04:19:09/05/2018