رانییە؛ پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەکرێت و بانگەشە بۆ کاندیدەکان بەردەوامە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپیکرد، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگری دەکەن کە رۆژنامەنوسیان روماڵی پرۆسەکە بکەن و کەلوپەلی رۆژنامەوانیان لێ دەستێنن، 

پەیامنێری "سپی" لە رانیەوە رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان لە ناحیەکە زۆر بە خاوی بەرێوەدەچیت، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئامێرەکانیدەنگدان لەکارکەوتون و خەڵکانێکی زۆریش هاتون بۆ دەنگدان لەترسی ئەوەی دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، کە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئامێرەکان لەکاردەکەون".

وتیشی، "رێگە بە هیچ تیمێکی راگەیاندن نادرێت، کە  روماڵی پرۆسەکە بکات، ئێستاش ماڵپەڕی "ئاڕاستە" ویستی دەست بە روماڵکردن بکات، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە برایە ژورەوەو کەلوپەلەکانی لێ وەرگیرا".

لە باری بوونی پێشێلکاری لە ناحییەکە ئاماژەی بەوەشدا، "بەشێک لە هاوڵاتیان لە نزیک بنکەکانی دەنگدان بە تەواوی قەوارە سیاسییەکان بانگەشە بۆ کاندیدەکانیان دەکەن و پۆستەرەکانیانبڵاودەکەنەوە، بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدرێت".

کاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرانەوە و هاوڵاتیان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

لەم هەڵبژاردنەدا، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ٣٣٣ هەزاریان دەنگدەری نوێن. لە هەرێمی کوردستانیش، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەسیان  بۆ یەکەم جار دەتوانن دەنگبدەن.

لە کۆی سەرجەم قەوارەکان کە ٢٠٥ قەوارەن  شەش هەزارو ٩٩٤ کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا چوار هەزار و ٩٤٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٥٤ کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوش دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لەسەرتاسەری عێراق  ٩٣٤ هەزار و ٦٣٩ کەس بوو و، نزیکەی ٩٠٠ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو کەلە ٢١ وڵات دەنگیان داوە.

لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە ٧٨.٧٤% بووە.

ئا:ئەمیر حەسەن



AM:10:39:12/05/2018