نێچیرڤان بارزانی داوایەک ئاڕاستەی هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی دەکات

سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا داوادەكات دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حیزبەكان لە سلێمانی رابگیرێت و ڕاشیگەیاندووە "دبێت هێزە ئەمنییەكان بەرپرسیارێتیی خۆیان ئەنجام بدەن".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە "زۆر دڵتەنگین بەرامبەر تێكدانی ئارامیی شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە داوا دەكەین دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حیزبەكان لە سلێمانی ڕابگیرێت".

سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەکەیدا داواشی لە سەرجەم لایەنەكان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و لە ڕێگەی یاسایییه‌وه‌ سكاڵاكانیان بگەیه‌ننە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:

زۆر دڵتەنگین بەرامبەر تێكدانی ئارامیی شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە داوا دەكەین دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حیزبەكان لە سلێمانی ڕابگیرێت و هێزە ئەمنییەكان بەرپرسیارێتیی خۆیان ئەنجام بدەن و بارەگا و بنكەی هەموو لایەنەكان بپارێزن.

هەموو لایەنەكان پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن و لە ڕێگەی یاسایییه‌وه‌ سكاڵاكانیان بگەیه‌ننە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر هەر گومانێك كە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیانە و بە هەموو شێوەیەك ڕەچاوی هێمنی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی خەڵكی سلێمانی بكەن.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
12/5/2018



PM:11:44:12/05/2018