سەرۆكایەتی كۆماری عێراق: دانیشتنە نائاسایییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نادەستوورییە

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە نووسراوێكدا دانیشتنە نائاسایییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەبارەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایارە بەڕێوە چوو، بە نادەستووری وەسف دەکات.

لە راگەیەندراوێکی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دا، کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە،تیایدا  ئاماژە بەوەدراوە، سەرۆكایەتیی كۆمار قسەی لەگەڵ دادگای فیدراڵیی كردوە بەوپێیەی لایەنی قەزایی بەرپرسیارە بۆ شیكردنەوەو لێكدانەوەی دەستور، ئەوەش رێزگرتن بوە لەدەسەڵاتی دادوەریی و پابەندیی بوە كە لایەنی سەرەكییە لە پاراستنی قانون و جێبەجێكردنی.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە میانەی بەدواداچون لەوەی كە لە دانیشتنە نائاساییەكەی ئەنجومەنی نوێنەران رویداوە، خانە گومانییەك دروست بوە كە بەستن و بەڕێوەچونی ئەو دانیشتنەو ئەو بڕیارەی كە تیایدا دراوە دەستوریی نەبوە بەپشتبەستن بەدەقی مادەی (61)ی دەستور.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە...

رونكردنەوەیەكی گرنگ لەسەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە

بۆ رونكردنەوەی هەڵوێستی سەرۆكایەتی كۆمار پەیوەست بەوەی لە ئارادایە سەبارەت بەڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و قسەكردنی لەگەڵ دادگای فیدراڵیی لەبارەی دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی 2018/5/28و كۆمیتەی پێكهاتو لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێكۆڵینەوە لەهەڵبژاردنەكان ئەم خاڵانە دەخەینەڕوو.

- بەڕێز سەرۆك كۆمار سەرۆكی دەوڵەت و سیمبولی یەكێتیی نیشتمانی وڵاتەو نوێنەرایەتیی سەروەریی وڵات دەكات و چاودێریی زامنكردنی پابەند بون بە دەستور دەكات، بەمەش لێپرسراوێتیی بەدواداچون و چاودێریی كردن دەكەوێتە سەرشانی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ هەر شتێك كە دژی پرەنسیبەكانی دەستورو قانونە كارپێكراوەكان و پرۆسەی بنیاتنانی دیموكراسیی دەوڵەت و دامەزراوەكان بێت. لەم روانگەیەوە بەڕێز سەرۆك كۆمار بە بایەخەوە بەدواداچونی كردوە بۆ ئەوەی كە لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران رویانداوە.

بۆیە سەرۆكایەتیی كۆمار قسەی لەگەڵ دادگای فیدراڵیی كردوە بەوپێیەی لایەنی قەزایی بەرپرسیارە بۆ شیكردنەوەو لێكدانەوەی دەستور، ئەوەش رێزگرتن بوە لەدەسەڵاتی دادوەریی و پابەندیی بوە كە لایەنی سەرەكییە لە پاراستنی قانون و جێبەجێكردنی.

- لە میانەی بەدواداچون لەوەی كە لە دانیشتنە نائاساییەكەی ئەنجومەنی نوێنەران رویداوە، خانە گومانییەك دروست بوە كە بەستن و بەڕێوەچونی ئەو دانیشتنەو ئەو بڕیارەی كە تیایدا دراوە دەستوریی نەبوە بەپشتبەستن بەدەقی مادەی (61)ی دەستور. چونكە هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵكردنەوەی بەشێك یا هەمو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەن نییە، ئەوەش بەقانونی تایبەت رێكخراوەو مادەی (49) ی دەستور ئاماژەی بۆ كردوە، هاوكات قانونی ژمارە ۱۱ی ساڵی ۲٠٠۷ ی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان شێوازی تانەدانەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دیاریكردوە كە لەڕێی پەنا بردنە بۆ دەسەڵاتی دادەوەریی، بەمەش كارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران خۆ لەقەرەدانە لە پرەنسیبی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دەستوەردانە لە پسپۆڕیی و ئەركەكانی دەسەڵاتی دادوەریی.

- رێكارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كە دانیشتنە نائاساییەكەی بەكراوەیی هێشتوەتەوە ناكۆكە لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵیی كەپێشتر ئەمەی یەكلایی كردبوەوە كاتێك بڕیاری دابو كە هێشتنەوەی دانیشتنەكە نادەستورییە بەگوێرەی هەردو بڕیاری (55 ی فیدراڵیی/2010) و (56/فیدراڵیی/2010).

- دەربارەی بڕیاری ژمارە 198 ساڵی 2018 ی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە دانیشتنە نائاساییەكەی رێكەوتی 24/5/2018ی تایبەت بەپێكێنانی كۆمیتەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە سەرپێچیی و پێشێلكارییەكان كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا رویانداوە، نوسینگەی سەرۆك كۆمار پرسیاری لە دادگای فیدراڵیی كردوە كە ئەو كۆمیتەیە تاچەند دەستورییە، چونكە باوەڕوایە كۆمیتەكەو كارەكانیشی دژ بەپرەنسیبەكانی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و حوكمەكانی مادەی (80) ی دەستورن، دەستوەردانی ئەنجومەنی وەزیرانیشە لە كارێك لەدەرەوەی دەسەڵاتەكانی خۆی. لەم روەوە ئاماژە دەكەین بۆ مادەی (8/هەشتەم) لە قانونی ژمارە (11) ی ساڵی 2007ی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە بەدق دەڵێت (نابێت بڕیارە كۆتاییەكانی ئەنجومەنەكە ئیستیناف بكرێتەوە تەنیا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكاندا نەبێت).

- پێشتر سەرۆكایەتیی كۆمار چەندین پێشێلكاریی دەستوریی بەرپەچ داوەتەوە و لای دادگای باڵای فیدراڵیی تانەی داوە لە نادەستوریی بونی چەندین قانون و بڕیار هەمو ئەوانەش لەو كاتانەدا بوە كە سەرۆكایەتیی چاودێریی هەر پێشێلكارییەكی دەستوریی یا سنوردار كردنی ئازادییەكانی كردوە.

- سەرۆكایەتیی كۆمار بەیەك چاو دەڕوانێتە هەموان و سەرپەرشتیی پرۆسەی دیموكراسیی دەكات و چاودێریی ئاڵوگۆڕی بە ئاشتیی دەسەڵات دەكات و پشتیوانیی هیچ فراكسیۆن و لایەنێكی سیاسیی هاوبەش یان بایكۆتكاری هەڵبژاردنەكان ناكات.

- سەرۆكایەتیی كۆمار رەتی ناكاتەوەو تەئكیدیشی ناكاتەوە كە ئەگەری گۆڕین و دەسكاریكردن هەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا، لەهەمان كاتدا بەڕێز سەرۆك كۆمار پشتگیریی هەمو رێوشوێنە قانونیی و رێكارە كارپێكراوەكان دەكات لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دادگا و لێكۆڵینەوە و دۆزینەوە و لێپێچینەوەی هەر لایەنێك كە تێوەگلاندنی ساغ ببێتەوە لەم یاریكردن و دەستكاریكردنە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

هاوكات بەڕێز سەرۆك كۆمار بە بەردەوامیی هانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی داەوە لە پێناوی گرتنە بەری رێوشوێنە قانونییەكان بۆ زامنكردنی رێكوپێكیی پرۆسەی هەڵبژاردن.

نوسینگەی راگەیاندن




PM:06:08:31/05/2018