روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، روونكردنەوەیەکی لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بڵاوكردەوە.

دەقی روونکردنەوەکە...

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 2/6/2018، كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتۆتەوە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە كێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزێ دروستبووە و ئاوی خواردنەوە دابەش نەكراوە.

گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك لەكاتێكدایە 1/6 كاتی بەردانەوەی ئاوە نەوەك گرتنەوەی،هەرێمی كوردستانیش لەو بەروارە ئاو بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەردەداتەوە، بەڵام بەداخەوە كۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی بەردانەوەی ئاو هەڵساوە بە گرتنەوەی و ئەمەش بۆ دووەم جارە ئاو دەگرێتەوە.

لەگەڵ دروست بوونی كێشەكە رێباز حەملان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت لەگەڵ بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم و بەڕێز سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و لایەنە پەیوەندارەكان لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.

هەروەها  بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی عێراقی فیدرال.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەندا و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

2/6/2018

PM:05:43:02/06/2018