" رێگە مەدە ، بریارەكانی یەكێتی بخرێنە خزمەتی گروپێكی لادەر لە رێبازی تالەبانی" هاودیدێکی ناسراو نامەیەک ئاراستەی کۆسرەت رەسوڵ دەکات

هاودیدێکی ناسراوی سەر بە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری نامەیەکی تایبەتی کراوە دەنووسێت بۆ کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی و دەڵێت " رێگە مەدە ، بریارەكانی یەكێتی بخرێنە خزمەتی گروپێكی لادەر لە رێبازی تالەبانی".

لە نامەیەکی تایبەت و بەپەلەدا کە ئاراستەی کۆسرەت رەسوڵ کراوەو کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە، بەکر سدیق هاودیدی دیاری قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت" ئەم دۆخەی كوردستانی تێكەوتوە ، ئەگەر رێرەوی ژیانی یەكێتی ، نەخرێتەوە سەر شارێی مێژووی خۆی ،  لە جیاتی راستكردنەوەی ، بەرەو پروكانمان دەبا . بونی ئێوە ، لە ناو یەكێتیدا ، ئەو بەرپرسیارێتیە دەخاتە سەرشانتان ، كە رێبگرن  لەو  ڕۆڵە سلبیەی، ئەم حیزبە لە گۆرەپانی سیاسیدا دەیگێرێ".

لە نامەکەدا کە چوار داواکاری ئاراستەی کۆسرەت رەسوڵ کردووە، تیایدا هاتووە "ئەو ساختەكاریانەو ئەنجامە بەدەستهاتوەكانی ساختەكاریەكانی رەتبكەوەو ، پشگیری بۆ ئەو هێزانە رابگەیەنە كە دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكاندا دزراوە . نەفرەت لە ساختەكاران و ئەنجامدەرانی بكە" .
دەقی نامەکە..
 
 
نامەیەكی تایبەت و پەلە بۆ بەریز كاك كۆسرەت
بكر صدیق
بەرێز كاك كۆسرەت
پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم جارە و ئاكامە پرساختەكاریەكانی ، كۆتایی بەو مشتومرە هێنا ، كە یەكێتی ،  سەودا لەگەڵ رابردووی قوربانیدانی خۆیی و ئەو مێژوە بكات كە جەنابت بە پشكی شێرەوە ،گەیاندبوتە لوتكەی هێزی كوردایەتی !ئەوەش لای جەنابتان عەیانە ، كە چەند سالێكە، گروپێكی خوێنی ، یەكێتیان كردۆتە ئامرازێك بۆ پاوانی پاوەرو پارە بۆ خۆیان و پەنایان بۆ هەموو یاساغەكان برد تا بریاری یەكێتی بكەنە ، میراتی خوێنی بۆ خۆیان ، و خەلكە تێكۆشەرو دلسۆزەكەی یەكێتی لە كادرو ئەندام و لایەنگرەكانی ، هەراجی نەزعەی بەبنەمالەبون بكەن . ئەم نەزعەی بە بنەمالە بونەش نەك هەر پێگەی ئەو حیزبەی نابوت كردوە ، بەلكو ، یەكێتی كردوە بە فاكتەری تێكدانی دۆخی سیاسی هەریمی كوردستان و بۆنی  هۆكاری لەگرێژەنەچونی ئاشتی كۆمەلایەتی لێدێ .
بەرێز كاك كۆسرەت ، ئەم دۆخەی كوردستانی تێكەوتوە ، ئەگەر رێرەوی ژیانی یەكێتی ، نەخرێتەوە سەر شارێی مێژووی خۆی ،  لە جیاتی راستكردنەوەی ، بەرەو پروكانمان دەبا . بونی ئێوە ، لە ناو یەكێتیدا ، ئەو بەرپرسیارێتیە دەخاتە سەرشانتان ، كە رێبگرن  لەو  ڕۆڵە سلبیەی، ئەم حیزبە لە گۆرەپانی سیاسیدا دەیگێرێ . ئەوەی كە پێویستە ، لەم دۆخەدا  ئەنجامی بدەن ، ترسناكتر و گرانتر نیە لەو هەنگاوانەتان كە لە رابردوودا ، چەندان جار یەكێتی و دۆخی كوردستانتان ، لە لێواری گلان و ترازان ، گێراوەتەوە . هەموشمان بیرمانە ، كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ، دوای مفاوەزات ، چۆن یەكێتیتان ، لە نسكۆیەكی موحەقەق ، كردەوە بە چەتری ، بەرەنگاری و ، مێژوویەكی تر و ناسنامەیەكی ترتان ، بە یەكێتی بەخشی .هەر ئێوەبون ، شاخی كۆسرەتتان ، كردەوە بەمامەریشەیەكی ترو مەدرەسەیەكتان لە جوامێری و قوربانیدان و بەرەنگاری ، لە ناو یەكێتیدا ، داهێنا . ئەوێ رۆژێ ، سەردەمێكی تازەی وورەو جوامێریتان ، كردە ئەلتەرناتیفی پێشمەرگانەو ، نەبەزینی گەلێك ، لە بەرامبەر پیلانە ناو خۆیی و دەرەكیەكانی بەردەم خەباتی گەلەكەمان .  هەرئێوەش بوون كە ، لە روداوەكانی شەری ناوخۆدا ، ئەم حیزبەی ئێستا دەستكەلای بنەمالەیەك و خزمەكانیانە ، لە دۆرانە سیاسی و سەربازیەكان قوتاردەكرد .
بەرێز كاك كۆسرەت 
 ئەو ساختەكاریانەی كە لەهەڵبژاردنەكانی 12/5ی ئەمساڵدا ، ئەنجام دران ، دەرەتانێكی نەهێشتۆتەوە ، بۆ هیچ لێكتیگەیشتنێكی سیاسی لە نێوان یەكێتی و ئەو لایەنانەی كە بەر شاڵاوی دەنگ دزین كەوتون .خۆشتان دەزانن ، كە هەرێمەكەمان لە ئێستادا ، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رێكخستنەوەی ناو مالی خۆیەتی . چونكە ئەو ئەجیندا ئیقلیمی و نێودەولەتیانەی تەمایانە هەلومەرجی ناوچەكە لە قاڵبی بەرژەوەندی خۆیان بدەنەوە ، پێناچێت  پێگەی دەستوری  هەریمەكەمان لە عیراق و قورساییە سیاسیەكەی لە ناوچەكەدا پارێزراو بێت ، ئەگەر سیاسەت و ستراتیژی كوردستان ، دانەریّژرێتەوە . خۆشتان دەزانن ، ئەگەر یەكێتی بە ئاقارێكی عەقلانیدا ، ئاراستە نەكرێتەوە، ترسی ئەوە هەیە ، كوردستان بەگشتی و ناوچەی سلیمانی بەتایبەتی ، بەرەو دۆخێكی ئالۆز و ترسناك بروات ، بەتایبەت كە ساختەكاریەكانی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكانی 12/5 هەرەشەی ساختەكاری و بێبایەخكردنی لە سەر هەڵبژاردنەكانی 30/9ی ئەمسالی هەریمی كوردستان دروستكردوە و پێشبینی ناكرێ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا ، لای هێزە دەنگدرزراوەكان ، ساختەكاری و دەنگدزینی تریان بەسەردا رابورێ! هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنە دەنگ دزراوەكانیش ، دەزانن ، كە جەنابتان ، نەك ئاگەداری ئەو ساختەكاریانە نەبون كە ئەنجامدراوە ، بەڵكو پێش ئەوەی ئەم تاوانە ، دژی ئیرادەی ئەو لایەنانە   ئەنجام درابێ ، لە راستیدا ، دژی پێگەو قورسایی سیاسی جەنابتان ، ئەنجام دراوە . 


بەرێز كاك كۆسرەت 
جەنابتان مێژویەكتان بۆ خۆتان و گەلەكەمان تۆماركردوە ، تەمەن و پێگەی ئێوە ، بەسەرتاندا دەسەپێنی كە ئەو بژاردانە بكەنە بریاری كۆتا ویستگەی سیاسیتان ، كە حیزبەكەتان و گەلەكەشمان لەو قەیرانی بێمتمانەیی و پاوانكاریە سیاسی و پشك پشكینەو خزم خزمێنەی دەسەلات قوتار بكات . بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە بەو ئەركە مێژوویەی خۆتان هەڵبستن و بریاری یەكلاكەرەوەبدەن بۆ تێپەراندن و راستكردنەوەی مەساری ئەو هاوكێشە سیاسیەی كە دەسترۆیشتوەكانی یەكیتی لە پەنای پێگەی جەنابتاندا ، ئەم دۆخە ناسەقامگیریەیان دروستكردوە.بەرای ئێمەش ئەم بژاردانەی خوارەوە دەكەوێتە سەرشانتان كە بەپەلە هەنگاوی بۆ بنێن :
1-چیتر رێگە مەدە ، بریارەكانی یەكێتی و سیاسەتی بەرێوەبردنی ئەوحیزبە ، لەژێر سێبەری ئێوەدا ،بخرێنە خزمەتی گروپێكی لادەر لە رێبازی تالەبانی .
2-ئەو دەستپێشخەریە رابگەیەنە ، كە ئەو یەكێتیەی ، سەودا لەگەل مێژوە راستەقینەكەی خۆی دەكات ، بچێتەوە ناو سەنگەری ئەو بەرەیەی خەلك كە كار بۆ گۆرینی سیستمی حوكمرانی كوردستان دەكات .و یەكێتی دا ببڕە لە و كەسانەی مامەلە بە مێژووی یەكێتی دەكەن و یەكێتیان، یەكسان كردوە بە بنەمالەیەكی دروستكراو .
3-ئەو ساختەكاریانەو ئەنجامە بەدەستهاتوەكانی ساختەكاریەكانی رەتبكەوەو ، پشگیری بۆ ئەو هێزانە رابگەیەنە كە دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكاندا دزراوە . نەفرەت لە ساختەكاران و ئەنجامدەرانی بكە .
4- كاربكە بۆ پێكهێنانی بەرەیەك ، لەگەل حیزبە دەنگدزراوەكاندا ، بۆ ئەوەی  هەم  رێبگرێ لە ساختەكاری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ، هەم بوار بۆ مناڵ و تواڵی سیاسی نەمێنێتەوەكە یاری بە موقەدەراتی دەستكەوتەكانی ئەو شۆرشە نوێیەوە بكات كە ئێوە لە پاڵ كاك نەوشیروان و جەنابی مام جلال دا ، سەر مەشقی بوون .
بەرێز كاك كۆسرەت ، گەلەكەمان ، كەوتۆتە ناو دۆخێكی پەرتەوازەیی و بێمتمانەیی قوڵەوە ، ئەگەر دەستپێشخەریەكی راستەقینە ، نەخرێتە روو ، ئەوا مێژووی ئێوەش ، وەك سەركردەكانی رابردوو بێ جەدوا دەمێنێتەوە . هەربۆیە بریاردانی جەنابتان بۆ ئەو خاڵانەی خرانە روو ، قوربانی ئەوەی پێویستە كە هەموو سەركردەو ناودارانی ئێستای گەلەكەمان ، لە پشك پشكێنەی بنەماڵەیی ، دوربكەونەوەو ، دەرفەتی دادپەروەری و حوكمی یاسا ، لە ولاتەكەمان بۆ ئێستاو داهاتوی نەوەكانمان ، بڕەخسێنن .





PM:08:41:07/06/2018