یەكەم لێدوانی دەمیرتاش دوای هەڵبژاردن

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا، لەناو گرتووخانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی سەركەوتنی لە هەدەپە كرد.

دەمیرتاش لە ئەكاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و تێپەڕاندنی بەربەستی 10%ی هەڵبژاردنی توركیا نووسیویەتی "سەرەتا من بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هیوادارم و پیرۆزبایی لە هەموو ئەو هاووڵاتیانە دەكەم كە دەنگیان داوە و زۆر سپاسی هەموو هەڤاڵانی خۆم دەكەم كە قوربانیی مەزنیان داوە".

دەمیرتاش لەبارەی سەركەوتنی هەدەپەشەوە دەڵێت "وێڕای بوونی گوشار و ڕەوشی دژوار، من پیرۆزبایی لە هەدەپە دەكەم كە توانی بەربەستی 10% تێپەڕێنێت و سڵاو بۆ ئەو كەسانە دەنێرم كە لەپاڵ هەدەپەدا بوون و ئەوە دەسكەوتێكی مەزنە كە بەشداری لە پەرلەماندا بكات".

لە هەڵبژاردنی دوێنێ یەكشەممە 2018/6/24ی توركیا پارتی دیموكراتیكی گەلان "هەدەپە" توانی زیاتر لە 11% ی دەنگەكان بەدەست بێنێت كە دەكاتە 67 كورسیی پەرلەمانی توركیا.



PM:02:33:25/06/2018