تەندروستی هەولێر لەسەر ئاوی بتەڵەکان روونکردنەوە دەدات

تەندروستی هەولێر لەسەر ئاوی بتڵەکان کە هاوڵاتیان بەکاری دەهێنن بۆ خواردنەوە روونکردنەوە دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زۆر بە وردی چاودێری بەرهەمهێنانی ئاوی بتڵ دەکەن.

لەو روونکردنەوەیەدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، تیایدا هاتووە " 4. بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر بەچەندین تیمی تایبەتی گەڕۆك بە پرۆگرامی تایبەتی ڕۆژانە و تەنانەت لە ڕۆژانی پشوو چەژنەكانیش هەڵدەستن بە چاودێریكردن و وەرگرتنی نمونەی ئاو لەگشت سەرچاوە جۆراوجۆرەكان و كارگەكانی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەی فیزیایی و بەكتریۆلۆجی و كیمیایی بۆ دڵنیابوون لە جۆرەكەی".

ڕوونكردنەوە یەك لە بەڕێوبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێرەوە:

دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سەبارە بە نەشیاوی ئاوی خواردنەوەی لەبتڵكراو، دوای لێكۆڵینەوەی وردمان بۆ ئەو بابەتە دەمانەوێت هاووڵاتیان دڵنیابكەینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە بەم شێوەیە :
1. بەڕێوبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی بەشی چاودێری تەندروستی سەلامەتی خۆڕاك و هۆبەی چاودێری ئاوی خواردنەوە بە بەردەوامی بە پێی پرۆگرامی پێشینە و لەناكاو هەڵدەستن بەسەردانیكردنی گشت سەرچاوەكان و پرۆژە و كارگەكانی ئاو.
2. پشكنینی ئاو دەبێت لەگشت ڕوویەكەوە بەپێی ستاندارتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) بێت، ئەوەی لەو گرتە ڤیدێۆییە بڵاوبووەتەوە و دەردەكەوێت ئامێرێكی بچوكی دەستییە، كە بۆ خوێندنەوەی ڕێژەی كۆمەڵەی خوێییە تواوەكان (TDS) بەكاردێت، كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕێژەكەی دیاریكردوە لە نێوان (0 – 1000) PPM-ە واتە ئەوەی دەردەكەوێت و پشكنینی بۆ كراوە بە پێی ئامێرەكە لەناو ستاندارتە و دروستە و هیچ گرفتێكی تەندروستی بۆ مرۆڤ نییە.

3. ئەو هاووڵاتیەی كە گرتە ڤیدێۆییەكەی تۆماركردوە، ئەگەر هیچ مەرامێكی تایبەتی و نەشاراوەی لە بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە نەبێت، دەبوایە زۆر بە ئاشكرا ڕوخسار و ناونیشان و پسپۆڕییەكەی خۆی دەربخستایە نەك بەچەند وشەیەكی نازانستی ئەو گرتە ڤیدێۆییەی بڵاوبكردایەتەوە، و دەشی توانی سەردانی بەڕێوبەرایەتیمان بكات بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستی و شیاوی ئاوی خواردنەوەكان.
4. بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر بەچەندین تیمی تایبەتی گەڕۆك بە پرۆگرامی تایبەتی ڕۆژانە و تەنانەت لە ڕۆژانی پشوو چەژنەكانیش هەڵدەستن بە چاودێریكردن و وەرگرتنی نمونەی ئاو لەگشت سەرچاوە جۆراوجۆرەكان و كارگەكانی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەی فیزیایی و بەكتریۆلۆجی و كیمیایی بۆ دڵنیابوون لە جۆرەكەی، وە لەكاتی سەرهەڵدانی هەر جۆرە گرفتێك دەست بەجێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندی دارەكان دەكرێتەوە بۆ نەهێشتن و چارەسەركردنی.
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر



PM:06:16:11/07/2018