پۆلیسی ڕاپەڕین: ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵ خۆی سوتاند

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ژنێکی تەمەن ٦٨ سال،کە دانیشتووی قەڵادزێ خۆی سوتاندووەو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.

 لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕیندا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، ئاماژە بەوە کروە، کە لە کاتژمێر ٧ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ژنێکی دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی شاری قەڵادزێ بە ناوی ( ئـ، ح، ح ) و لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٠ لە ماڵەکەی خۆیدا بە نەوت سوتاوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە گوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی ڕێژەی سوتاویەکەی ٦٠%ە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاندووە، بە وتەی کەسوکارەکەی، ئەو ژنە باری دەروونی ناجێگیر بووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی کردووە بە جەستەی خۆیدا و ئاگری لەخۆی بەرداوە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.


PM:07:28:14/07/2018