د. لەتیف رەشید و د. محەمەد سابیر خۆیان کاندیدکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

هەریەک لە د. لەتیف رەشید و محەمەد سابیر کە زاوای ئیبراهیم ئەحمەد و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانین خۆیان لە ناو یەکێتیدا کاندیدکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

لەکاتێکدا کە هێشتا نە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق رانەگەیەنراوەو، ئەوەش یەکلایی نەبۆتە کە پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق دەدرێت بە کوردو لەناویشیاندا بەیەکێتی، بەلآم ماوەیەک هەریەک لە لەتیف رەشید و محەمەد سابیر زاواکانی ئیبراهیم ئەحمەد خۆیان لەنێو یەکێتیدا کاندیدکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، هەردووکیان بەردەوامن لەدیدار و بینینی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەو کەسایەتیانەی کاریگەریان لەسەر ناوەندی بڕیار هەیە لە یەکێتیدا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سپی زانیوویەتی تا ئێستا د. فواد مەعسوم سەرۆکی ئێستای عێراقیش بەتەواوی خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە کە خۆی کاندید دەکاتەوە، یان پاشەکشە دەکات.

رۆژی ١٢ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو، لەسەر ئاستی کوردستان پارتی توانی ٢٥ کورسی بەدەستبهێنێت وەک یەکەم هێزی کوردی، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش توانی دووەم دەنگ بەدەستبهێنێت لەسەر ئاستی کوردستان و ١٨ کورسیان بەدەستهێنا، هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی چاویان لە پشکی شێرە لەو بەشەی بەر نوێنەرانی کورد لە سێ دەسەلآتەکەی عێراق دەکەوێت.     



PM:10:48:20/07/2018