" مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران راگیرا "

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایدەگەیەنێت بەگوێرەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، لەئێستادا ھیچ ئەندام پەرلەمانێک مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی نییە.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە پۆستێکدا نووسیوویەتی "دادگای باڵای فیدڕاڵی لەدەعوای ژمارە 140 بڕیاریدا بەڕاگرتنی كاركردن بە "قانونی ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهاتەكانی ژمارە 13 ساڵی 2018، سەرباری واژووكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمار و بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایع وەك قانونێكی بەركار".

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەوە دەخاتە روو " دادگای فیدراڵی، كاركردنی بە مادەی 13 ی ئەو یاسایە راگرتووە،  كە مەرجی تەمەن و ساڵانی خزمەت بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتار لابراوە، بەجۆرێك ئەگەر ئەندام پەرلەمان تەمەنی نەگەیشتە 50 ساڵی و خزمەتی وەزیفیشی لە 15 ساڵ كەمتر بوو، ئەوا هەر ڕێژەیەك لە مووچەی خانەنشینی ئەندام پەرلەمانی وەربگرێت، ئەویش بەدەر لە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە ٩ ساڵی ٢٠١٤ كە مەرج و پێوەرەكانی خانەنشین بوونی هاوتا كردوە بۆ پلەی باڵا و فەرمانبەر".

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكراشیكردووە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا كاركردن بەو قانونە ڕابگیرێت، هەر بۆیە لە ئێستادا هیچ ئەندام پەرلەمانێكی عیراق مافی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی نییە، تا وەك هەر فەرمانبەرێكی ئاسایی ئەگەر تەمەنی نەگاتە 50 ساڵ و ساڵانی خزمەتی وەزیفی لە 15 ساڵ كەمتر نەبێت.



PM:02:00:24/07/2018