رێگای هەولێر و کەرکوک بە پردێکی ئاسنی دەکرێتەوە

وەفدی ئەمنی و هونەری هەرێم و بەغدا لە کەرکوک کۆبوونەوەو لەسەر کردنەوەی رێگای نێوان هەولێر و کەرکوک، رێککەوتن لەماوەی ٢٠ رۆژدا لە رێگای دوو پردی ئاسنینەوە هاولآتیان هاتوچۆ بکەن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند " دروستکردنی پردێک یەک ملیار دیناری تێدەچێت و ئەو پرسە جێهێڵراوە بۆ کۆبوونەوەی هەفتەیە داهاتوو".

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتیشی " لە ماوەی ٢٠ رۆژدا دوو پردی ئاسنینی چوون و هاتن دادەنرێت و حکومەتی هەرێم بەو کارە هەڵدەسێت".

کۆبوونەوەکە لە کەشێکی باشدا بەڕێوەچووە، وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆکرد.

هەردوولا رێککەوتن یەک شەممەی داهاتوو لەسەر پرسی دروستکردنەوەی پردی کۆنکرێتی و دانانی بازگەو سنوری هەردوولا کۆببنەوە.

لەشەڕەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێم، هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگرتن لە هێزەکانی عێراق ئەو پردەیان تەقاندەوەو ، رێگاکانیش گیران و هاولآتیان دووچاری کێشەی گەورەبوونەتەوە.



PM:06:02:24/07/2018