کۆسرەت رەسوڵ چەند گۆڕانکاریەک لەناو بەرپرسانی یەکێتیدا دەکات

كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگۆڕێت و لە بری ئەندامێکی سەرکردایەتی دادەنێت.
 
میدیاكانی یەكێتی ئەمڕۆ چوارشەم 25ی تەمووز بڵاویان كردەوە " رەهبەر سەید برایم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئەركی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیانی یەكێتی پێ دەسپێرێت و قادر عەزیز لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیش دەكرێتە سەرپەرشتیاری راگەیاندنی یەكێتی".

رەهبەر سەید برایم ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی نوێی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی رای گەیاندووە " لەلایەن كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە فەرمانم بۆ دەرچووە كە وەك لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستبەركار بم".

رەهبەر سەید برایم كە لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی كۆیەی یەكێتی بوو، ئێستە بورهان سەعید سۆفی وەك لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی كۆیە دەستبەكار بووە كە ئەوەش بە فەرمانی كۆسرەت رەسووڵ بووە.

تا ئێستا روون نییە ئایا ئەو بڕیارە لەلایەن باڵەکانی تری یەکێتی یەوە پەسەند دەکرێت، یان وەک بڕیارەکانی تر دەبێتە مایەی ناڕەزایەتی.



PM:07:49:25/07/2018