قەرەیلان: سوپای تورکیا لەترسی ئەوەی لەناو نەچێت هێرش دەکاتە سەر پەکەکە

ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) رایدەگەیەنێت، سوپای تورکیا لە ترسی ئەوەی لەناو نەچێت هێرش دەکات.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) رایگەیاند،" سوپای تورکیا لەبەرامبەر هێزی گەریلادا تێکچووە، بەملیاران دۆلاری خەرجکردووەو شەڕەکەی کردووە بە شەڕێکی تەکنۆلۆجی. پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ تێگەیشت، کە دەرەقەتی گەریلا نایەت هێرشە ئاسمانییەکانی دەستپێکرد.

دەشلێت،" لە ئێستادا کاتی لەناوبردنی پەکەکە نییە، سوپای تورکیش ئەوە باش دەزانێت، سوپای تورکیا لە ترسی ئەوەی لەناو نەچێت هێرش دەکات، بۆیەشە هێرشەکانی بۆ پارچەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیش بەرفراوان کردووەتەوە.

قەرەیلان ئەوەش دەخاتەڕوو،" ئەرکمان ئەوەیە کە بە فۆرمێکی نوێ شەڕبکەین و تێکۆشانمان بگەیەنینە ئاستێکی بەرزتر بۆ ئەوەی دوژمن لەناوببەین، ئەگەر بۆ ئەو کارە ئەزموونی شەڕی ٣٤ ساڵەی گەریلا بەکاربێنین، لە ڕاستییەکان تێدەگەین و دەتوانین دوژمن تاروماربکەین.

باسی لەوەش کردوە، کە دەوڵەتی تورکیا ناتوانێ بە دوژمنایەتی گەلی کورد هیچ بەدەست بێنێت،گەلی کورد یەکێک لە بەهێزترین بزوتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە، وەکچۆن ڕێبەرایەتی چەندین جار جەختی کردووەتەوە، ئاکەپە تەنیا بۆ ئەوەی بەردەوامی بە دەسەڵاتداریی فاشیستیی خۆی بدات سوورە لەسەر ئەو دوژمنایەتییە، بەڵام هەرچەندیش هەوڵ بدەن ناتوانن ڕاستییەکان بگۆڕن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) ئەوەش دەخاتەڕوو، لەو شەڕەدا بزوتنەوەی ئازادیخواز و گەلەکەمان دەتوانن سەربکەون، بەو مەرجەی خوێندنەوەی گونجاو بۆ دۆخی ئێستا بکرێت، ئەوە بواری سەربازیش دەگرێتەوە، پاشان دەبێت هەنگاوی پراتیکی بۆ بنرێت.


AM:11:36:01/08/2018