وەزیری دارایی: پارەی پێویست بۆ پرۆژەکانی سلێمانی تەرخان دەکرێت

وەزیری دارایی هەرێم بەمەبەستی بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و دروستکردنی چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون، تەرخانکردنی بڕێک پارەی بۆ پرۆژەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئاب رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی کۆبووەوەو ،لە کۆبونەوەکەدا باسیان لەكێشە و گرفتەکانی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی پارێزگای سلێمانی پارەی پێویست تەرخانكراوە بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی (زڕگوێز و سیتەك)، كە پێکدێت لە دوو هەزار و پێنج سەد یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیانی كەمدەرامەت".

وتیشی، "بڕێك پارەش بۆ دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی تەرخانكراوە ، ئەوەش بەمەبەستی راییكردنی ئیش و كاری فەرمانگاكان و هاوڵاتیان".

وەزیری دارایی هەرێم لە کۆبونەوەکە باسی لەوەشكرد،"بڕی زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی تەرخانكراوە ، ئەوەش بۆ كڕینی محاویلە و هێڵەكانی كارەبا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە سنوری پارێزگاكە".

هەروەها وەزیری دارایی و ئابووری  دوپاتیشیکردەوە، "سەرەڕای دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا لە ئێستادا حكومەتی هەرێم لە هەوڵی تەواودایە بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان لە پێناوخزمەتكردنی خەڵكی كوردستان".


PM:07:30:06/08/2018