ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ  سێشەممە ٧ی ئاب، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکەوە بکات، کە گرنگترینیان ئامادەکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریە بۆ پڕۆژە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٩.

به‌ پێى كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشینەکەی ئەمڕۆیدا گفتوگۆ لەبارەی لە ئامادەکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕۆژەبودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەکات، لەگەڵ پێشنیازکردن بۆ بەرکارکردنی یاسای فیدراڵی ژمارە ٣٢ی ساڵی ٢٠١٥، تایبەت بە بنەبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پێشنیازی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ بەرکارکردنی یاسای کارپێکراوی حکومەتی فیدراڵی عیراق ژمارە ٢٢ی ساڵی ١٩٩٧ تایبەت بە یاسای کۆمپانیا گشتییەکان دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆتا تەوەردا باس لە خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی و پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی دیکە، لەگەڵ ئەنجامی سەردانی وەزیری شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان بۆ ئەمریکا دەکات.



AM:10:39:07/08/2018