مەلا بەختیار: هەڵبژاردن لە مانگی ١٢ بکرایە باشتر بوو

لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند: پابه‌ند ده‌بین به‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی‌ خۆیدا بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرایه‌ بۆ مانگی‌ 12 تا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌ عیراق پێكه‌وه‌ بكرایه‌، باشتر ده‌بوو.

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی لە میانی لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: وه‌ك یه‌كێتی به‌شێك ده‌بین له‌چاره‌سه‌ره‌كان له‌ كوردستان و عیراق، چونكه‌ به‌پێی‌ ده‌ستور هه‌تا ئێستا چاره‌سه‌ر هه‌ر له‌ به‌غدایه‌.

وتیشی یه‌كێتیی‌ و پارتی‌ به‌ئارامی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی‌ ئێستای‌ عیراق ده‌كه‌ن و به‌شێك ده‌بین له‌چاره‌سه‌ر، پێداگریش له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستور ده‌كه‌ین،.

ڕاشیگەیاند "ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی و پارتی‌ كۆتایی‌ پێدێت و وه‌فدی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌به‌ینه‌ به‌غدا و له‌ژێر رۆشنایی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌شدا گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌سه‌كردنی‌ كێشه‌كان و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كه‌ین، له‌نێویاندا مادده‌ی‌ 140، مافه‌ سیاسی‌، ده‌ستوریی، ئابوریی، چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ و یاسای‌ نه‌وت و غاز، پشكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كورده‌ له‌ حوكمڕانی‌ عیراق، چۆنێتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ عیراق، تێوه‌نه‌گلانی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌كێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ ناو عیراقدا."



PM:05:42:08/08/2018