پێشکەشکارێکی بەناوبانگی ئێن ئاڕ تی وازی هێنا

دیاری ئەنوەر بێژەر و پێشکەشکاری دیاری ئێن ئاڕ تی وازهێنانی خۆی لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد کە کاندیدە.

دیاری ئەنوەر، لە میانی نوسینێکیدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە دەڵێت ”لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بڕیارێکی گرنگم لە بواری کارکرندا داوەو پێویستە ئێستا ئاشکرایبکەم. ئێستا من یەکێکم لە کاندیدەکانی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، بڕیاری خۆکاندیدکردنم بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوە دێت کە تەواوکەری کارەکانی پێشووم دەبێت لەپێناو خزمەتکردن و بەرگرکردن لە مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها نوسویەتی "لەگەڵ ئاشکراکردنی خۆکاندیدکردنم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی نەوەی نوێ، لە کاری بێژەری و پێشکەشکاری دووردەکەومەوەو پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانم لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەشەی بەرنامەو پلانی لیستی نەوەی نوێ دەستپێدەکەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دیاری ئەنوەر نوسیویەتی هیوادارم پشتیوانی ئێوە بەردەوام بێت، هەر وەک چۆن لەپێشوودا کاریگەرترین و بەهێزترین هۆکار بووە بۆ من و هاوڕێکانم لەئێن ئاڕ تی بۆ بەردەوامی و کۆڵنەدان لە کاری ڕۆژنامەنوسی سەرەڕای ڕێگری و بەربەستەکان.



PM:09:25:14/08/2018