وەزارەتی ئەوقاف لەسەر گۆڕنی مزگەوتێک بە دوکانی مەیفرۆشتن روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەکاتەوە  هیچ مزگەوتێك كرابێتە دووكانی مەیفرۆشتن.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە 25ـی ئاب، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویکردووەتەوە، تیایدا هاتووە،" گوایە مزگەوتێك لە ڕێی پردێ كراوە بە شوێنی مەیفرۆشتن بەدواداچوونمان كردوە و ئەم شوێنە مزگەوت نییە.

 وتیشی، شوێنی مەیفرۆشتنەكە خواردنگە بووە و دەمێكە داخراوە و ئێستە كراوەتە مەیفرۆشتن، هەروەها بەهیچ جۆرێك نە مزگەوت بووە نە نوێژی تێدا كراوە، بۆیە ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانە خزمەت بەهیچ لایەنێك ناكات.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەواڵی دانانی دووكانێكی مەیفرۆشتن لە ناو مزگەوتێكی شارۆكەی پردێی باكوری شاری كەركووك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاکراوەتەوە.


PM:05:06:25/08/2018