" ناکۆکیەکانی نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی زیاتر قوڵدەبێتەوە "

لەدوای سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و هەردوو کوڕەکەی بۆ لای بارزانی ناکۆکیەکانی نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی برای، زیاتر قوڵدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند " دوای ئەوەی رۆژی ١٨ ئاب هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو خۆی هەروو کوڕەکەی بافڵ و قوباد سەردانی مەسعود بارزانی دەکەن، لەو دەمەوە جیاوازی و ناکۆکیەکانی نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی برای کە لاهور و ئاراس و باراکانی تری دەگرێتەوە، قوڵتر دەبێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەچوونی هێرۆ تاڵەبانی و کوڕەکانی بۆ لای بارزانی ئەو وێنەیە دەدات کە ئەوە ئەوان نەبوون کە بەرپرسن لە رووداوەکەی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کاتێک کە باڵێکی یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و بەغداو ئێران رێککەوتن کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیان رادەستبکەنەوە، بەڵکو ئەوە کوڕەکانی شێخ جەنگی لاهورو ئاراسی شیخ جەنگین.

بەپێی زانیاریەکانی سەرچاوەکەی سپی، لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی و هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەوە هەوڵی " گەمارۆدان و بچووککردنەوەی " رۆڵی لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری ( زانیاری )دەدەن.
وەک سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای دەکات ئەو پۆزشەی لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکتێتیەوە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە رێگای بەیاننامەیەکەوە بۆ گۆڕان هێنرایەوە، هەروەها سەردانی وەفدی یەکێتی بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی بۆ سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا و مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵێکی ترە بۆ بچووکردنەوەی قورساییی لاهوری شێخ جەنگی، چونکە ئەو باڵەی لاهوری شیخ جەنگی خۆیان بە ئەندازیاری چاکبوونەوەی پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەزانن و لە هێرشەکەی شەوی ١٢ ی ئایاری سەر مەکۆی گشتی گۆڕانەوە لە سلێمانی ئەوان سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیان خستۆتە ژێر فشارەوە تا داوای پۆزش لە گۆڕان بکەن و پەیوەندیەکانیان چاکبکەنەوە. 
  
تا ئێستا پێشبینی ناکرێت ئەو ناکۆکییە بەرەو کوێ دەڕوات هەوڵەکانی باڵی تالەبانی درێژەدەبێتەوە بۆ لێ سەندنەوەی پۆستی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری لە لاهوری شیخ جەنگی، یان ئەمەش گێمێکە لە ناکۆکی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لەناو سەرکردایەتی یەک حیزبدا کە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان ناسراوە.



PM:08:37:30/08/2018