دوای بڕیارەکەی عەبادی فەیاز بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریکرا

بەشێک لە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی نەسڕ کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، فالح فەیازیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق دیاریکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو سەرکردانەی ھاوپەیمانی نەسڕ دەڵێن "ئێمە وەکو سەرکردە سەرەکییەکانی ھاوپەیمانی نەسڕ، فالح فەیاز بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری دەکەین، ئەوەش لە باوەڕبوونیان بە تواناکانی فەیازە سەرچاوەی گرتووە لە بەڕێوەبردنی حکومەتێک کە خزمەت بە ھاووڵاتیان بکات".

ھەروەھا پێداگریشیان لەسەر بەرنامەی ھاوپەیمانی نەسڕ کردووەتەوە لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و ڕەخساندنی کەشێکی لەباری سیاسی دوور لە پێوەری تایەفەگەری و دابەشکاری حزبیانە.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ھاوپەیمانی نەسڕ سوربوو لەسەر کاندیدکردنی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام لە دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی بە دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەشێک لە سەرکردەکانی نەسڕ دژی عەبادی وەستانەوە، کە تائێستا ڕوون نییە ژمارەی ئەو سەرکردانە چەندە.



PM:07:17:31/08/2018