مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەکات

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دەکات.

لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە بەبۆنەی هەڵبژاردنی "محه‌مه‌د حه‌لبوسی" وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق،  بڵاویکردوەتەوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، چاوەڕوانین، بەسەرۆکایەتی جەنابتان، پەرلەمان، شکۆی دەستور بۆ دەستوری ھەمیشەیی عێراق، بەتەواوی مادەو بڕگەکانی بگێرێتەوە.

ئەوەش هاتووە، ئەو غەدرانەی لەسەر بڕگە بەبڕگەی مادەی (١٤٠)و بودجەو موچەو پرسی نەوت و گاز، پرسی پێشمەرگە، ھاوکات، گێڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنی لەناوچە کێشەلەسەرەکان و پێدانەوەی شایستەیی دوا ھەڵبژاردن بە لایەنی براوە، ئومێدەوارین ئەو پرس و ئەرکانە، بەکردەوە بخەنە بەرنامەی کاری بەرێزتان و جێگرە بەرێزەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان. 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی:

بۆ بەڕێز/ محەمەد حەلبوسی

سڵاوی دۆستانە..

متمانەپێبەخشینتان بە (١٦٩) دەنگ بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، متمانەیەکی نیشتمانی و دەستوری و رێکەوتنی لایەنە خەمخۆرەکانی عێراق و کوردستانە، بۆ دەربازکردنی عێراق لە تەنگژە سیاسی و دەستوریەکانی ئەم قۆناغە، لەم ھەلومەرجە دژوارەی ناوچەکەو عێراقدا.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەکاتێکدا پیرۆزبایی لەخۆتان و پێکھاتەی سوننە خەمخۆرەکانی عێراق دەکات، بەم متمانەوەرگرتنەتان، ھاوکات چاوەڕوانین، بەسەرۆکایەتی جەنابتان، پەرلەمان، شکۆی دەستور بۆ دەستوری ھەمیشەیی عێراق، بەتەواوی مادەو بڕگەکانی بگێرێتەوە، ھەروەھا ئومێدەوارین، ئەو کێشانەی لەخولەکانی رابوردووی پەرلەماندا، بە پیلانگێڕیی، کێشە دەستوری و سیاسیەکانیان چارەسەر نەدەکرد، لەم خولەی پەرلەمانی عێراقداو بەسەرۆکایەتی بەرێزتان، زەمینەی متمانەی نێوان فراکسیۆنەکان و ژینگەی دۆستایەتی سیاسی و ، پابەندبونی دەستوری، لەناو ھۆڵی پەرلەمان بگەڕێتەوە.

گەلی کوردستان، ھەمیشە، لێبوردە بووەو بەردەوام بەشێک بوین لەچارەسەری کێشەکان. لەبەرامبەریشدا چاوەڕوانین، ئەو غەدرانەی لەسەر بڕگە بەبڕگەی مادەی (١٤٠)و بودجەو موچەو پرسی نەوت و گاز، پرسی پێشمەرگە، ھاوکات، گێڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنی لەناوچە کێشەلەسەرەکان و پێدانەوەی شایستەیی دوا ھەڵبژاردن بە لایەنی براوە، ئومێدەوارین ئەو پرس و ئەرکانە، بەکردەوە بخەنە بەرنامەی کاری بەرێزتان و جێگرە بەرێزەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

جارێکی دیکە، پیرۆزتان بێ متمانەی زۆرینەی پەرلەمان، لە پێنجەمین خولدا، شەرەفی سەرۆکی پەرلەمانتان پێ درا.

سەرکەوتوو بن

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٥/٩/٢٠١٨

کوردستان - سلێمانی




PM:05:22:15/09/2018