فازڵ میرانی هۆشداری دەداتە یەکێتی

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر یەکێتی لەگەڵمان رێکنەکەوێت کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت، هاوکات هۆشداریش دەداتە بەرپرسانی یەکێتی لە بە خراپ باسکردنی حزبەکەی و دەڵێت"پێویستە ئەو سەرکردانە دەمیان داخەن و هیچ نەڵێن".

فازڵ میرانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە،"هیواخوازم ئێمە و یەکێتی لەسەر یەک کاندید وەک خولەکانی پێشوو رێکبکەوین، چونکە ئێمە بە برادەرانی یەکێتیمان وتووە سێ خولە ئەو پۆستە بۆ ئێوەیە، با ئەمجارەش ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، ئەگەر رێکنەکەوین، کە من ناخوازم ئەوە رووبدات ئەوا ئێمە و یەکێتی دەبێت هەریەکەمان کاندیدی خۆی بخاتە ناو پەرلەمان بۆ بەردەم موقەدەری شیعە و سوننە، کە بزانین دەنگ بەکێ دەدەین ئەویان ببێتە سەرۆککۆمار".

لەبارەی 
 کاندید بونی بەرهەم ساڵحەوە  وتی، "بڕوام نییە یەکێتی دکتۆر بەرهەم کاندید بکاتەوە، چونکە ناکۆکی هەیە کە بچێتەوە ناو یەکێتی، سەبارەت بەوەی ئێمە پشتگیری دەکەین، ئەوە دەکەوێتە سەر رێککەوتنی نێوان ئێمە و یەکێتی هیوادارین ئەوە روونەدات".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: "لەگەڵ ئەوەنیم یەکێتی زیاتر لە کاندیدێکی هەبێت، لەگەڵ ئەوەش نیم ئەگەر مەجبوور نەبین ئێمە و یەکێتی دوو کاندیدی جیاوازمان هەبێت".

میرانی ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو هێشتا نازانێت یەکێک دەبێت لە کاندیدەکانی پارتی یان نا و رایدەگەیێنێت، "ناوی خۆمم لە راگەیاندنە عەرەبیەکانەوە لەگەڵ هەریەک لە هۆشیار زێباری و د.فوئاد حسێن بیستووە، بەڵام نە کەس بەمنی گوتووە و نە سیڤیم ئامادەکردووە، تەنانەت بیرم لێنەکردووەتەوە و خەیاڵیشم بۆی نەکردووەتەوە چی بکەم و نەیکەم".

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە فازل میرانی لە میانی بەڕێوەچونی مەراسیمی بانگەشەی حزبەکەی لە شەقڵاوە هیڕشی کردە سەر ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی و ڕایگەیاند "پێمان سەیرە هەندێک سەرکردەی یەکێتی بەو شێوەیە هێرش دەکەنە سەر پارتی و دەیکەنە ئامانج لە کاتێکدا خودی ئەو سەرکردانە لەسایەی پارتی و نێچێرڤان بارزانیدا پێگەشتوون".

وتیشی،"ئێمە جارێک 31ی ئابمان کردووە ئەوان پەنجا جار ئەوەیان کردووە، ئەوان کوردانی ئێرانیان دەستگیرکردوە و ڕادەستیان کردوونەتەوە".

هەروەها وتی"ئێمە بە 31ی ئاب هەولێرمان کردە پایتەختی کوردستان بەڵام دوای 16ی ئۆکتۆبەر کەرکوک لە کورد حەرام کراوە، بۆیە پێویستە ئەو سەرکردانە دەمیان داخەن و هیچ نەڵێن".

ئەمەش لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوو لە میانی بەنگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەند سەرکردەیەکی یەکێتی هێرشیان کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بە خیانەتکار ناویان برد.


PM:01:06:18/09/2018