حەلبوسی پەشیمان دەبێتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و پەیوەندیی بە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی سێشەممە 18/9/2018، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە پۆل رایان، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە کردووە.

محەمەد حەلبوسی لە پپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بە پۆل رایانی راگەیاندووە، کە ئەو نەیوتووە عێراق پابەندی سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێران نابێت، میدیا ئێرانییەکان ”ناوەڕۆکی لێدوانەکە"یان شێواندووە.

حەلبوسی هەروەها رایگەیاندووە، بابەتی پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکوومەت) نەک دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان).

دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکی پەرلەمان، میدیا عێراقی و ئێرانییەکان لە زاری محەمەد حەلبوسی بڵاویان کردەوە، کە عێراق پابەندی سزا سەپێندراوەکان بەسەر ئێران، نابێ.

محەمەد حەلبوسی، کاندیدی (کوتلەی حەل) رۆژی شەممە 15/9/2018، بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.



PM:02:36:18/09/2018