بەوێنە...مەکگۆرک و مەلا بەختیار کۆبوونەوە

برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لەگەڵ مەلا بەختیار کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هاوکاری عێراقییەکان دەکات

برێت مەکگۆرک لەگەڵ مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمریکا ھاوکاری عێراقییەکان دەکات.

ئەوەشی وت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چارەسەرکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیان لایەنە عێراقییەکان لە وادەی یاساییدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق چارەسەر دەکەن.

ئەوەشی وت "لەگەڵ پێشمەرگەدا هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبن."

لەلایەکی دیکەوە مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، چوونی شاندە ئەمریکییەکە بۆلایان بۆ ئەوە بووە تا یەکێتی ببێتە بەشێک لە چارەسەر بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

هاوکات وتیشی "هەر کاتێک هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بڕیاری دا بێتەوە ناو یەکێتی، بەرهەم ساڵح دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات."



PM:04:53:18/09/2018