نەتەوە یەکگرتووەکان: لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 250 كەس لە عێراقدا بوونەتە قوربانی

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 250 كەس لە عێراقدا بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئامارێکی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یونامی" کە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە مانگی ئەیلولدا 75 كەس بەهۆی پەلاماری تیرۆریستی و كاری توندوتیژی و ناكۆكییە چەكدارییەكانەوە لە عێراق كوژراون.

ئەوەشهاتووە، هەر لە هەمان مانگدا 179 كەسی دیكە بریندار بوون و زۆربەی قورباانییەكانیش لە شاری بەغدا تۆمار كراوە كە 31 كەسی  تێدا كوژراوە و 70ی دیكەش بریندار بوون.

بەپێی ئامارەکەی یونامی، دوای بەغدا پارێزگای ئەنبار بە پلەی دووەم دێت، كە لە مانگی ئەیلولدا 15 كوژراو و 37 برینداری هەبووە، پارێزگای سەڵاحەدینیش لە ئەیلولی رابردوودا 9 كوژراو و 38 برینداری تێدا تۆمار كراوە.

جێی ئاماژەیە مانگانە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان-یونامی  ئاماری قوربانییانی كارە توندوتیژییەكان لە عێراق بڵاودەكاتەوە.


PM:09:23:01/10/2018