لە سویسرا چالاکییەک دژی گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان بەڕێوەچوو

لە شاری زولوتنی سویسرا چالاکی و گردبوونەوە دژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بەڕێوەچوو.

ئاژانسی فورات نیوز بڵاویکردەوە، بەشێک لە کوردان و لایەنگرانی پەکەکە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە کە لەسەر داوای ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە زولوتون (نەجەدەکە - زولوتن) بەڕێوەچوو.

روونیشیکردووەتەوە لە چالاکییەکەدا گۆشەگیری سەر ئۆجەلان و "پیلانگێڕی نێودەوڵەتیى ٩ی تشرینى یەکەمی ساڵی ١٩٩٨"یان ئیدانە کرد.

بەپێی فورات نیوز، لە چالاکییەکەدا پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان، پێگە بۆ کوردستان" بەرزکرایەوە. چالاکەکان دروشمەکانى "تیرۆریست تورکیا، بکوژ ئەردۆغان"، "دیکتاتۆر ئەردۆغان"یان بەرزکردووەتەوە.

هەر لە چالاکییەکەدا داوایان لە کورد و دۆستەکانیان کرد بەشداری خۆپیشاندانی رۆژی (٦ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨)ی سویسرا بن.

هاوکات بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکەى ئەوروپا) بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتى کە لە ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ دا دەستیپێکرد لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان دەکات، هەروەها داواش لە کوردان و لایەنگرانی پەکەکە دەکات بەشداری لە خۆپیشاندان دژی "پیلانگێڕی نێودەوڵەتى" بکەن کە بڕیارە سبەینێ لە ١٧ پایتەخت و شاری وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەبچێت.

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زینداندایە و لە دواى کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و لە ساڵى ٢٠١٥ەوە، تائێستا تەنیا یەکجار مۆڵەت بە بینینى عەبدوڵا ئۆجەلان دراوە، ئەویش لە ڕۆژی ١١ی ئەیلولى ساڵی ٢٠١٦دا وەزارەتی دادی توركیا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە مۆڵەتیدا بە محەمەد ئۆجەلان سەردانى دورگەى ئیمراڵى بکات و چاوى بە ئۆجەلانى براى بکەوێت، کە لەو کاتەوە تائێستا ڕێگە بە هیچ دیدارێکی دیکە نەدراوە.

گۆشەگیرکردنى ئۆجەلان بە تایبەت لە دوای  کۆتایهاتنی پرۆسەی ئاشتییەوە دێت لە ساڵی ٢٠١٥، دوای ئەوەی لە ٢١ی ئازاری ساڵی ٢٠١٣دا لەسەر دوای ئۆجەلان ڕاگەیەندرا، بەڵام لەدوای دوو ساڵ لەو پرۆسەیە لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ەوە پێکدادانی سوپای تورکیا و پەکەکە جارێکیتر دەستیپێکردەوە کە تائێستاش بەردەوامە، بەوەش شکست بە پرۆسەی ئاشتی هێنرا لە باکوری کوردستان.



PM:12:11:05/10/2018