" بەفەرمانی خامەنەئی بۆردومانی بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە کراوە "

وتاربێژی گەورەی مزگەوتی تاران ئاشکرای کرد بە بڕیاری عەلی خامەنەئی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان.

سەدیقی وتاربێژی گەورە مزگەوتی تاران لە وتاری ئەمڕۆی هەینی ١٠ ی تشرینی یەکەمدا ئاشکرای کرد کە بەبڕیاری عەلی خامەنەئی هێرشکراوەتە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆیە لە عێراق.

سەدیقی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو مووشەکانە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو وڵاتانەی هەڕەشە لە ئێران دەکەن و دەیانەوێت گورزی لێبدەن و هەڵبێن و وتی " بۆردومانکردنی بنکەکانی تیرۆریستان لە کۆیەو لەناو سوریا  ئاماژەیە بۆ ئەوە کە دەستیان دەگات بە هەر هێرشبەرێک".

رۆژی ٨ ی ئەیلول کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگای مووشەکە دور هاوێژەکانیەوە وەک خۆی دواتر رایگەیاند " ٧ موشەکی ئاراستەی بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ١٦ ئەندامی ئەو حیزبە شەهیدبوون کە شەشیان ئەندامی سەرکردایەتی بوون و بەدەیانی تریان بریندار بوون.



PM:08:59:05/10/2018