نێوانی پارتی و یەکێتی خراپە
پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزانی‌و کۆسرەت رەسوڵ لەوپەڕی خراپیدایە

لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح ەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتۆتە خراپترین ئاستی و لوتکەی تێکچوونی ئەو پەیوەندیەش کە لەخراپترین ئاستدایە، پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" پەیوەندی بنەماڵەی بارزانی هەر لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و تا ئەندازەیەک کوڕەکانی کۆسرەت رەسوڵیشەوە لە خراپترین دۆخدایە".

سەرچاوەکەی سپی، پێیوایە خراپی دۆخی ئەو پەیوەندیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارتی کۆسرەت رەسوڵ بە " عەرابی " هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح بە سەرۆکی عێراق دەزانن.

بەپێی ئەو زانیاریانە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانیان دەستنیشان کردووە بۆ بەستنەوەی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی وئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندیە، بەپێی ئەوا زانیاریانە قوباد تاڵەبانی چاوی بە نێچیرڤان بارزانی کەوتووە، بەلآم لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە هیچ زانیارییەکی نوێ لەبەردەستدا نییە.

پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی لە دوای هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە خراپترین ئاستدایەو تا رادەیەکی بەرچاو ئەو پەیوەندیان پچڕاوەو پارتی ئامادە نییە بەرپرسانی یەکێتی ببینێت.
   



PM:10:27:09/10/2018