باڵوێزێكی پێشوی لیبیا لە سەردەمی قەزافیدا نهێنی ئاشكرابوونی شوێنی قەزافی و چۆنێتی دۆزینەوەی ئاشكرادەكات.
محەمەد سەعید قەشات، باڵوێزی پێشووی لیبیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەهرام"ی عەرەبی ئاشكرایدەكات كە پەیوەندیەكی تەلەفونی بە یەكێك لە كەناڵە تەلەفیزیۆنەكانی سوریا بووەتە هۆی دۆزینەوە و كوشتنی قەزافی.
قەشات كە ماوەی 12 ساڵ سەفیری لیبیا بووە لە سعوودیە یەكێكبووە لەو 11 باڵوێزەی كە خۆیان ڕادەستی ئۆپۆزسیۆن نەكرد و لە بەرامبەردا 119 باڵوێزی لیبیا پشتیان كردۆتە قەزافی و خۆیان ڕادەستی ئۆپۆزسیۆن كردووە.
قەشات دەڵێت "ئەو هەڵەیەی كۆتایی بەژیانی قەزافی هێنا ئەو پەیوەندیە تەلەفونیە بوو كە قەزافی لەو دەمەدا لەشاری سرت بووە كە شوێنی لەداكبوونیەتی لەگەڵ 70 لە پاسەوانەكانی و وەزیری بەرگری ئەو كاتە، بەهۆی ئەو تەلەفونەوە هاوپەیمانی ناتۆ شوێنەكەی ئاشكرادەكەن و هێرشی دەكەنە سەر".
لە 20ی ئۆكتۆبەردا لە ساڵی 2011 فڕۆكەكانی فەڕەنسا شوێنەكەی قەزافی دەدۆزنەوە و بۆردومانی دەكەن، دواتر جێگەكەی چۆڵدەكات و دەچێتە ئاوەڕۆی ئەو ناوچەیە و كاتێك كە دەیەوێت بێتە دەرەوە لەلایەن فڕۆكەكانی فەرشەنساوە بۆردومان دەكرێت.
دواتر شۆرشگێرەكانی شاری میسراتە دەیدۆزنەوە و وەك لە ڤیدیۆیەكدا بڵاوكرایەوە لەلایەن چەند كەسێكەوە دەكوژرێت و ئەو 70 كەسەی لەگەڵیدان دەكوژرێن.
هاوكات وەزیری بەرگری، ئەبو بەكر یونس كوژرا و تا ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە موعتەسەمی كوڕیشی خراوەتە ناو كورەی ئاسن توانەوە و بەوجۆرە كوژراوە.