سەدر دەنگدانی نهێنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی كابینەی نوێی حكومەت رەتدەكاتەوە

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەنگدانی نهێنیی لە پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق رەتدەكاتەوە.

سەدر لە تویتێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ بڵاویكردووەتەوە دەڵێت "نەخێر بۆ دەنگدانی نهێنی، نەخێر بۆ گەڕانەوەی دەموچاوە كۆنەكان. گەل دەیەوێت چاكسازی لە سیستمی حكومڕانیدا بكات لەرێی حكومەتێكی راستگۆو و كەسانی تەكنۆكراتەوە كە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سەرپەرشتییان دەكات بەبێ هیچ فشارێكی لایەنەكان".

لە تویتەكەدا سەدر دەڵێت "نەخێر بۆ دەستێوەردانی هێزی دەرەكی، نەخێر بۆ گەندەڵی و گەندەڵكاران".

ئەم قسانەی سەدر لەكاتێكدایە بڕیارە كاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات و كاتژمێر ٨ی ئەمشەویش پەرلەمان كۆدەبێتەوە.



AM:10:15:24/10/2018