" خاڵە سنوریەکانی نێوان هەرێم و ئێران کراوە دەبن بۆ هەموو جۆرە بازرگانییەک "

ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند"  ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران کاریگەریی لەسەر بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست ناکەن‌ و خاڵە سنووریەکانی نێوان هەرێم و ئێران کراوەن و شتومەك ئاڵوگۆر دەكرێت بەبێ هیچ گرفتێك".

لە بەیاننامەیەکدا کە دانەیەکی بۆ سپی هاتووە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ھاوڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە سزاکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە سەر ئێران کاریگەریی لەسەر بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست ناکەن‌ و خاڵە سنووریەکانی نێوان هەرێم و ئێران کراوەن و شتومەك ئاڵوگۆر دەكرێت بەبێ هیچ گرفتێك. 

هەروەها ژووری بازرگانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە " لەوەی کە سزاکاندا هاتووە سێکتەرەکانی ئاڵتون و کانزا و سوتەمەنی و کەرتی کەشتیوانیی و بانك و دڵنیایی و مامەڵەی نێودەولەتی بە دۆلار و تمەنەوە  و سێكتەرە بنەرەتیەكانی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و بەرهەم و پێداویستیی خۆراکی و داودەرمان ناگرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کە ئەو سزایانە کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەكیەكانی ناو بازاڕی هەرێم".

لە بەیانەکەدا هاتووە " دیارە کاری بازرگانانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دوو جۆر بازرگانییە. جۆرێکیان بە شێوەی ترانزێتە بۆ ئەو شمەک و بەرووبوومانەی کە لە ڕێگەی بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێتە ناوهەرێمی کوردستانەوە، وە  جۆرێکی تریان تایبەتە بەو شمەک و بەروبوومە ناوخۆیانەی کە لە  ناو ئێران دەکڕێن و راستەوخۆ دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە. تا ئێستا بازرگانانی هەرێم بە گشتی ھیچ کێشە و گرفتێکیان نیە بۆ هێنانی بەرھەمە ناوخۆیەکانی ئێران بۆ هەرێم و مەرزەکان کراوەن لەڕووی ئەم بازرگانیە.  سەبارەت بەو بازرگانانەی تری هەرێم كە تا ئێستا لەبەندەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەترانزێت كەل و پەلیان هێناوە بۆ هەرێم، ئەوا  لە ئێستادا كاردەكەن  بە پێ ی پێوست بۆ گۆڕینی ئاراستەی ڕێگاکانیان بەرەو بەندەرەکانی تر لە ئوم قەسر، مێرسین، عەقەبە  یان ھەر ڕێڕەوێکی تری گونجاو. دیارە تائێستا كەشتیە ئێرانیەكان بەردەوام كاردەكەن، وە تەنها کەشتییە بیانیەكان لەكار وەستاون لە بەندەرەکانی ئێران".

وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سڵیمانی دەڵێن" ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین یەکلابێتەوە لە داهاتوودا،  تەنها کێشەی هێنانی سوتەمەنییە بۆ هەرێم، چ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە دەکڕێت و دەهێنرێتە هەرێم وە چ ئەوەی لە پێش دا دەهێنرێتە بەندەرەکانی ئێران لە ڕێگەی ئەو کەشتیانەی کە لە ئیماراتەوە دێن و  لە پاشان بەرھەمەکانیان بە ترانزێت دەهێنرێنە هەرێم. تا ئێستا چاوەڕوانی زانیاری زیاتر دەکەین لەو بارەیەوە".
 
لە کۆتایی بەیانەکەدا هاتووە " بیر هەموو لایەک ئەخەینەوە کە گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران رووداوێکی تازە نیە بەڵکوو هەر لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی شا لە ساڵی 1979 و پێکهاتنی حوكمی كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام گەمارۆی ئابووری، بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە بەبێ ئەوەی کاریگەریکی ئەوتۆی هەبێت لە سەر هەرێم. هەروەها، لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، ئێران سنورەکانی خۆی بۆ ماوەی دوو مانگ داخست بە ڕووی هەرێم دا، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانیک بەسەر بازارەکانی هەرێم دا بێت. دیارە ھەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەعێراق و بەپێی بڕیارو یاسا نێودەوڵەتیەکان کاری خۆی دەکات و ئەو کاڵا و بەربوومانەی کە لەئێرانەوە هاوردە دەکرێنە هەرێم زیاتر بەرھەمی ناوخۆی ئەو وڵاتەن و کشتوکاڵین وە ھیچ سزایەک نایانگرێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە سالانە قەبارەیەکی زۆر لە کاڵاو بەرووبووم هاوردە دەکڕێت بۆ هەرێم لە چەندەها وولاتانی ترەوە، وە خۆشبەختانە بە بەردەوامی بەرووبومی خوودی ناوخۆی هەرێم لە زیادبوونایە".



AM:12:02:06/11/2018