پارتی لەم خوولەی پەرلەماندا دەیەوێت دەستور تێپەڕێنێت

هێمن هەورامی لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان نەیشاردەوە کە فراکسیۆنەکەیان دەیانەوێت دەستوری هەرێم لەم خوولەدا تێپەڕێنن.

هێمن هەورامی، لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئاشکرای کرد پارتی دەیەوێ دەستوور بنووسرێتەوە و بە شێوازێکی پێشکەوتوو چاکسازی لە سیستەمی ئیداری و ژیانی خەڵکدا بکرێت.
پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان لەخوولی پێشووی پەرلەماندا لیژنەی بۆ پێکهێنراو، بەڵام دواتر بەهۆی ململانێ سیاسیەکان و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە راگیرا، پارتی جەختی دەکردەوە کە پێویستە سیستەمی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی بێت، هەموو لایەنەکانی تر جەختیان لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەکردەوە. 

هەورامی کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی یشە وتیشی"  ئەولەویەت لای ئێمە لابردنی پاشەکەوتی مووچە و چاککردنی ژیانی خەڵک و هەلی کار بۆ گەنجان و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدارە بە ژیانی خەڵک، کەسمان بۆ ئیمتیازات نەهاتووین".

ئەو کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی یەو تا ئێستا حیزبەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی دیاری نەکردووە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "پارتی دەیەوێت لاپەڕەیەکی سیاسی تازە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەست پێ بکات، تاوەکوو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە حکوومەتێکی بەهێز و پەرلەمانێکی بەهێز ڕەنگ بداتەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێمن هەورامی نەیشاردەوە کە پارتی بە غرووری سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ٤٥ کورسییەکەیدا ناکات، بەڵکوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێژنەیەکی باڵای سیاسی پێک دەهێنێت، ”هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە"، بەڵام ئەوانەی لەگەڵیاندا ڕێک دەکەون، دەبێ لە پەرلەمانیشدا هاوپەیمانی فراکسیۆنی پارتی بن، تاوەکوو سەقامیگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بکەوێتەوە.



PM:03:51:06/11/2018