سەرۆك وەزیرانی عێراق: چارەسەرێكی بە ئینساف بۆ بەشە بودجەی هەرێم پێویستە

سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای ماوەیەك لە دەستبەكاربوونی بۆ یەكەمجار قسە لەسەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات و دەڵێت "چارەسەرێكی بە ئینساف" پێویستە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، گەیشتن  بە "چارەسەرێكی بە ئینساف" بۆ ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پێویستە.

عادل عەبدولمەهدی هەروەها راگەیاندووە، بە دڵنیاییەوە ئەو دوو پرسە لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێن و لێژنەیەكیش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجە، دەست بە گفتوگۆكانی دەكات لەگەڵ پەرلەمان.

ماددەی 140، ماددەیەكی دەستووری هەمیشەیی عێراق. تێیدا بڕیاری ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دراوە، هەر بەپێی دەستوور، پشكی هەرێمی كوردستان لە داهات و بودجەی عێراق بریتییە لە %17، بەڵام لەدوای هەناردەكردنی سەربەخۆی نەوتی كوردستان ئەو بڕە كەم كرایەوە



AM:09:46:07/11/2018