پۆلیسی سلێمانی وەڵامی پۆلیسی هەولێر دەداتەوە

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى ڕایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان دەبێت هەماهەنگییان لەنێواندا هەبێت و پشتوپەناى یەکتر بن، ئەگەر لە سلێمانى ١٤ تۆمەتبار هەبن و هەڵهاتبن لە هەولێر، ئەوا لە هەولێر ١١٤ تۆمەتبار هەیە و لە سلێمانییەوە هەڵهاتوون.

ئاسۆ شێخ تەها ئاماژەى بەوەش کرد، ئێمە دەیان جار هاوکاریی ئەوانمان کردووە و خەڵکمان بۆ ناردوونەتەوە، دەزگا ئەمنییەکان دەبێت هەماهەنگییان لەنێواندا هەبێت و پشتوپەناى یەکتر بن، دوور لەعەقڵییەتى حزبایەتى.

بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى وتیشى، ئێمە زۆر کەسمان دەستگیرکردووە و بۆ هەولێر و دیالە و کەرکوک و تکریت و ڕەوانەمان کردوونەتەوە.

ئەوەشى خستەڕوو، فەرمانى گرتنى ئەو کەسانە هەیە کە لە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات و ڕۆژانى دواییدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بەڵام ئێستا لە سلێمانى نین.

ئاسۆ شێخ تەها ئەوەشى ڕوونکردەوە، یەک نوسراوى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر نەهاتووە داواى ١٤ تۆمەتبار بکات، ئەگەر ١٤ هەڵهاتبێت و لە سلێمانى بن ئەوا لە هەولێر ١١٤ تۆمەتبار هەیە کە لە سلێمانییەوە هەڵهاتوون.

پێشتر، پۆلیسی سلێمانی لەسەر ڕادەستکردنەوەى تۆمەتباران وەڵامی پۆلیسی هەولێری دایەوە و ڕایگەیاند، قسەکانى بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر تۆمەتە و  هەرکاتێک نوسراومان ئاراستە بکرێت تۆمەتباران دەستگیردەکەین و ڕادەستیان دەکەینەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ئەوەیشی ڕاگەیاند، "دوای تۆمەتباركردنی هێزە ئەمنییەكانی پۆلیسی سلێمانی بە داڵدەدانی تاوانباران لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە، وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنین، ئەگەر پۆلیسی هەولێر نوسراومان ئاراستە بكەن، هەر تۆمەتبارێكیان هەیە دەستگیری دەكەین‌ و ڕادەستیان دەكەین."

پۆلیسی سلێمانی  ڕاشیگەیاندووە، "چەندین كەس هەن كە تاوان لە شوێنێك ئەنجامدەدەن‌ و ڕوو لە شوێنێكی دیكە دەكەن، بەڵام ئەگەر پۆلیسی هەولێر و بەڕێز لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەركەسێك داوادەكەن كە تۆمەتبارە و لە سلێمانییە، ئەوا با نوسراومان ئاراستە بكەن و دەستگیریان دەكەین‌ و ڕادەستیان دەكەینەوە."



PM:07:31:15/11/2018