بەشە نەوتی ماڵانی پارێزگای سلێمانی بۆ سێ هێندە زیادکرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند " بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی بۆ 3 هێندە زیادکرا و پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتیش خێراتر بەڕێوەدەچێت" .

رێکەوت زەکی، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی بە سپی راگەیاند " بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی بۆ 3 هێندە زیادکراوە و بەمەش پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت خێراتر بەڕێوەدەچێت".

ناوبراو وتیشی "بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی لە 180 هەزار لیتر بۆ 540 هەزار لیتری رۆژانە زیادکراوە و ئەمەش دەبێتە هۆی خێراترکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە پارێزگاکە و دەتوانرێت تا سەرەتای مانگی 12 پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر سەرجەم 10 مەڵبەندەکەی پارێزگای سلێمانی و قەزای شارباژێر دابەشبکرێت". 

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا راشیگەیاند" دوای تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت دووبارە پرۆسەکە لە مەڵبەندی 1ی سلێمانیەوە دەستپێدەکاتەوە و لە شار و شارۆچکەکانی تریشدا بەردەوام دەبێت."

بەهۆی کەمی بڕی نەوتی سپی نێردراوە بۆ پارێزگای سلێمانی لەم ماوەیەی رابردوودا نەوتی ساڵی پار بەسەر ناوەندی پارێزگادا دابەشکرا، بەڵام ئەم زیادبوونە پرۆسەی دابەشکردن خێرا دەکات.



PM:08:35:16/11/2018