وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی هاوردەی تەماتە درێژدەکاتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاریدا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە بۆ ناوخۆ درێژ بکاتەوە، هەرێمی کوردستانیش پابەندی ئەو بڕیارە نابێت.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی ڕێگریکردن لە هاورکردنی بەرهەمی تەماتە بۆ ناوخۆیی عێراق درێژ دەکاتەوە و ئەو بڕیارەش سەرجەم دەروازە سنورییەکان دەگرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەو بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە هێشتا بەرهەمی ناوخۆیی زۆرە و پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکات.

پێشتر ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان لە لایەن خۆیانەوە کار بە ڕۆژنامەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دەکەن و لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی ئەو وەزارەتەدا ڕێگە بە هاوردەکردن یان ڕێگریکردن لە بەرهەمی کشتوکاڵی دەدەن.



PM:06:55:18/11/2018