کۆسرەت رەسوڵ: هەندێک کەس بوونەتە مشەخۆر لەسەر حسابی خوێنی شەهیدان

لە رۆژی شەهیدی یەکێتی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی هێرش دەکاتە سەر خەڵکانێکی نێو یەکێتی و دەڵێت" هەندێك كەس هەیە بەڕاستی بوونەتە مشەخۆر لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدەكان".

هەر لەو وتارەدا کە لەمەراسیمی رۆژی شەهیدی یەکێتی لە دەباشان لەسەر مەزاری تاڵەبانی سازکرا بوو کۆسرەت رەسوڵ لە وتی " هەندێك كەس هەیە بەڕاستی بوونەتە مشەخۆر لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدەكان و ماندوبوون و قوربانیدانی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان و هەمووتان پێكەوە، هەقوایە ئەو مشەخۆرانە لەكوردستان جێگایان نەبێتەوە یان رەش بكرێنەوە لەپێناو پاكسازی و چاكسازی كە لەكوردستان دەیكەین".

دەقی وتاری كۆسرەت رەسوڵ عەلی 
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی كوردستان
پێشمەرگە قارەمانەكان
هەڤاڵانی خۆشەویست
بەیانیتان باش
ئەمڕۆ لەڕۆژی شەهیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو یەكێتییەی خوێنی شەهیدەكانی و ماندووبوونی تێكۆشەرەكانی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لە ئاستی عیراقدا سەرۆكەكەی خەڵكی سلێمانیەو خەڵكی شارە حەیاتەكەیە، كە ئەویش ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی یەكێتییەكانە كە ئەوی گەیاندۆتە ئەو پلەیەو ئەو برادەرە خۆشەویستەمان ئێستا سەرۆك كۆماری عیراقە، ئەوە جێگای شانازییە بۆ هەمووان، بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو یەكێتییەكان.
بەڕاستی كەموكوڕی زۆر هەیە لەژیان و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان و یەكسانی نییە لەنێوانیان، بەڵام ئیشاڵا هەوڵدەدەین بەهیمەتی هەموو لایەك شتەكان چاك بكەین و بیگەیەنینە شوێنی ئەسڵی خۆی، كە ئەوكاتە خەڵكە هەبوو دەیگوت یەكێتی عەرزی پێ دەدڕێ، ئەوە جێگای شانازییە بۆ هەمووتان.
جارێكی تریش لەو رۆژە پیرۆزەدا داوا لە هەموو هەڤاڵانی راستەقینەی یەكێتی دەكەم، ئەوانەی بەڕاستی یەكێتینە، نەك هەر بەناو یەكێتی بن و بەعەمەلیش بەپێچەوانەی یەكێتی بن، داواكارم هەموولایەك هەوڵبدەن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیەی ئێستا هەمانەو ئیسرار دەكەین لەناو یەكێتی و كۆمەڵگاو لەناو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەندێك كەس هەیە بەڕاستی بوونەتە مشەخۆر لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدەكان و ماندوبوون و قوربانیدانی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان و هەمووتان پێكەوە، هەقوایە ئەو مشەخۆرانە لەكوردستان جێگایان نەبێتەوە یان رەش بكرێنەوە لەپێناو پاكسازی و چاكسازی كە لەكوردستان دەیكەین.
جارێكی تریش خۆشحاڵم كە بەشداری لەو رۆژە دەكەم و خەمبارم كە كەسوكاری شەهیدان تا ئێستا وەك پێویست خزمەتیان نەكراوە.
هەربژین بۆ كوردو كوردستان
سوپاس بۆ هەمووتان



PM:07:47:21/11/2018