لایەنە کوردیەکان پێشوازیان لە بارزانی نەکرد

بارزانی چووە بەغدا و زۆربەی لایەنە سیاسیە شیعەو سونەکانی بینی بەبێ دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە کوردیەکان.

پێشنێوەرۆی دوێنێ ٢٢ ی تشرینی دووەم بارزانی گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا، وەفدێکی پەرلەمانی و حکومی و حیزبی عێراقی پێشوازیان کرد، بەبێ بەشداری پێکردن بەیەک لایەنی کوردی.

دوێنێ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری سەرۆکی کوتلەی "فەتح" و وەزیرەکانی پارتی و چەند وەزیرێکی عێراقی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بەبێ بەشداری لایەنە کوردیەکان جگە لەپارتی پێشوازیان لە بارزانی سەرۆکی پارتی کرد، سپی زانیوویەتی بەشداری نەکردنی نوێنەرانی لایەنەکانی تر و پەرلەمانتارانی لیستە کوردیەکانی تر، هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی و کە ئەو بانگێهشتی لایەنە کوردیەکانی نەکردووە.

ئەمرۆش ٢٣ ی تشرینی دووەم لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و نەجەف، بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی شیعەی عێراقی و سونەدا کۆبووەوە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکان کۆبێتەوە.

هەروەها پێش گەیشتنی بارزانی بە بەغدا، سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح سەفەری دەرەوەی ولآتی کردو بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیتالیا، سپی زانیویەتی لە ئەجێندای سەردانەکەی بارزانیدا بۆ بەغدا هیچ دیدارێکی لەگەڵ سەرۆک کۆماردا تیانەبوو.

ئەوە لەکاتێکدایەی کە هەر سەرەتای ئەم هەفتەیەدا وەفدی بالآی پارتی سەردانی سلێمانی کردو داوایی لەلایەنەکانی یەکێتی و گۆڕان کرد کە بەشداری کابینەی نوێ بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە چاودێران سەردانەکەی بارزانی و نەبینینی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکان، لەلایەکەوە سەردانی وەفدی بالآی پارتی بۆلای ئەو لایەنانە بە دوو هەڵوێستی دژە یەکتری ناوزەد دەکەن.

ناکۆکی نێوان بارزانی و یەکێتی گەیشتە ترۆپک کاتێک بارزازنی سووربوو لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کاندیدەکەی فواد حسێن، بەرامبەر ئەوەش یەکێتی بەرهەم ساڵحی کاندید کردو، لە ئەنجامدا پەرلەمانی عێراق بەرهەم ساڵحی بە سەرۆکی عێراق هەڵبژارد.  



PM:07:48:23/11/2018