پارێزه‌رى خۆبه‌خشى دۆسیه‌ى كوشتنى ژنه نیپاڵییه‌كه‌ى هه‌ولێر وردەکاری کوشتنی ئەو کچەی بۆ میدیاكاران ئاشكرا کرد و راشیگەیاند، بكوژه‌كه كوڕى به‌رپرسێكى باڵایه له سوپاى عێراق.
پارێزەر به‌شدار حەسەن، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 27ى تشرینى دووه‌می 2018،لە كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" رۆژى 13ی تشرینی دووەم، ژنێكى نیپاڵی بەناوی لامۆ تامانگ كه وه‌كو خزمه‌تگوزار له گه‌ڕه‌كى گه‌نجان ستى شارۆچكه‌ى عه‌نكاوه كارى ده‌كرد، له‌لایه‌ن كوڕێكى به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب به كڵاشینكۆف كوژراوه".
وتیشى"بكوژه‌كه، كوڕى به‌رپرسێكى باڵایه له سوپاى عێراق و نیشته‌جێى شارى موسڵن و له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا دانى به‌وه‌داناوه كه به قاچاخ ئه‌و چه‌كه‌ی هێناوه‌ته‌وه هه‌ولێر".
پارێزەرەکە بۆ میدیاکاران ئەوەشی خستەڕوو، کوڕەکە لەکاتی گەڕان بۆ قاسەی پارە لە ماڵەکەدا لەلایەن ژنه نیپاڵییه‌كه‌وە دەبینرێت و هاوار بۆ دراوسێکانی دەکات، بۆیه بكوژه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى ئاشكرانه‌بێت گوللـه‌یه‌ك له‌سه‌رى لامۆ ده‌دات و ده‌یكوژێت".
به‌شدار حەسەن ئەوەشی وت" لە ئێستادا بكوژه‌كه به‌پێى ماددەى 406 له یاساى سزادانى عێراق ده‌ستیگركراوه و له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا دانى به تاوانه‌كه‌یدا ناوه".
ئەو پارێزەرە لەبارەی گەڕانەوەی تەری کچە نیپاڵیەکە راشیگەیاند، " 14 رۆژە ته‌رمەکەی له پزیشكى دادى هه‌ولێره و لەبەر بێ پارەیی هاوسه‌ر و كه‌سوكارى ژنه‌كه کە ئێستا لەهەولێرن توانای گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌یان نییه كه بڕه‌كه‌ى دوو هه‌زار دۆلاره، هەروەها خاوه‌نى ماڵه‌كه‌ش ده‌ڵێت ئه‌و پاره‌یه‌م نییه بیده‌م".